رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئالان کوردی، ئەو منداڵە سێ ساڵانەی وێنەی خنکانی لە دەریای ئیجە جیهانی هەژاند، لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری چاوی بە پاپا فرانسیس کەوت و دەڵێت "من و پاپا پێکەوە گریاین".
عەبدوڵڵا، باوکی ئالان کوردی، کە لە پەراوێزی گوتاری پاپا فرانسیس لە هەولێر چاویان بەیەکدی کەوت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی منداڵەکان و هاوژینەکەم لەدەستدا، ئێستا لە دامەزراوەیەکی منداڵاندا کاردەکەم و هاوکاریی منداڵان دەکەم. من گوتم دەمەوێت نیو کاژێر کاتی خۆت بۆ ئەوە تەرخان بکەیت و دۆخی منداڵەکانمان بەچاوی خۆت ببینی، پاپا فرانسیس گریا، ئێمە هەردووکمان گریاین و نەمانتوانی خۆمان رابگرین. هەردووکمان دڵمان ناسکە".
باوکی ئالان کوردی، باسی لەوەش کرد، پێش هاتنی پاپا لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە بانگهێشتکراوە، کە پاپا فرانسیس دەیەوێت بەتایبەت ئەو ببینێت.
لە درێژەی گوتەکانیدا باوکی ئالان کوردی ئەوەی خستەڕوو "پێمیان گوت، پاپا فرانسیس لە 7ی ئادار ئەگەر چووە موسڵ و گەشتەکەی کرد و گەڕایەوە هەولێر، دەیەوێت تەنیا تۆ ببینێت. لەوبارەیەوە زۆر سوپاسی دەکەم. پێمگوت دوای ئەوەی منداڵەکانم گیانیان لەدەستدا، ژیانی خۆم تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی منداڵان. هەروەها پێشم گوت ئەگەر دەرفەت هەبێت دەمەوێت نیو کاژێری خۆت تەرخان بکەیت و ژیانی منداڵەکان ببینیت ئاخۆ لە چ دۆخێکدا دەژین".
بە گوتەی باوکی ئالان، کاتێک باسی لە سەرما کردووە، کە منداڵان لە چ دۆخێکدا دەژین، "پاپا دەستی بە گریان کردووە"، دەشڵێت "بەهۆی ئەوەی زۆر خەڵک هەبوون دەیانویست پاپا ببینن، بۆیە من ماوەیەکی کەم لەلای مامەوە. ئەوانەی لەلای بوون دەیانگوت بەسە، بەڵام پاپا گوتی: نەخێر با زیاتر لەلام بمێنێتەوە. هەروەها وێنەیەکم لەگەڵ پاپا فرانسیس گرت و تابلۆیەکم دیاری پاپا فرانسیس کرد".
ئالان کوردی ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵەبوو کە لە 2ـی ئەیلوولی 2015 لە کەنارە ئاوییەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە، لە دەریای ئیجەدا لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەکەی خنكا و تەنیا باوکی رزگاری بوو. بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بە خنکاوی جیهانی هەژاند و ئەو کات بوو بە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان. هاوکات بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای مانەوەی بۆ دوو رۆژ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەش یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەکو سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ