دانیشتووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ناتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هاونیشتیمانیانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ناتوانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان بەربژێر بکەن و دەنگ بدەن. 
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر کەسێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی بەربژێر بکات، پێویستە خەڵکی ئەو بازنەیە بێت کە خۆی تێدا بەربژێرکردووە، ناتوانێت لە بازنەیەکی دیکەدا خۆی بەربژێر بکات".
 
سەرۆک تیمەکەی کۆمیسیۆن روونیدەکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک خەڵکی هەولێر بێت و ناسنامەی باری شارستانی و کارتی نیشتمانیی هەولێر بێت، ناتوانێت خۆی لە بازنەی سلێمانی، دهۆک، یان هەڵەبجە بەربژێر بکات و دەنگیش بدات.
 
د. عیماد جەمیل گوتی، دانیشتووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە ناسنامە و کارتی نیشتمانییان لە دەرەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، ناتوانن خۆیان بەربژێر بکەن و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن و دەنگبدەن. 
 
ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە پێویست ناسنامەی باری شارستانیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بێت.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا، بەگوێرەى دابەشکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى ساڵى 2021 لە سنوورى هەرێمى کوردستان، هەروەها یاساى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان دەبێت. 
 
هەرێمی کوردستان چوار بازنەی هەڵبژرادنە، بەپێی ئەو دابەشکارییە، کورسییەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبن:
 
سلێمانی: 38 کورسی 
هەولێر: 34 کورسی 
دهۆک: 25 کورسی 
هەڵەبجە: سێ کورسی
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.