گیانلەدەستدان بە هێرشی ئێران و گرووپە نزیکەکانی؛ پاش ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان دووەمە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا جەنگ لە 28ی شوباتەوە لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، تاران و هێزە نزیکەکانی یەک پاساو بۆ هێرشەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەهێننەوە: بنکەکانی ئەمریکا.
 
بەڵام وردبوونەوەیەک لە زیانە گیانییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم بانگەشەیە پووچەڵ دەکاتەوە. هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان نەکوژراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆر زیاتری لە هەر وڵاتێکی کەنداو لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران و هێزە نزیکەکانی داوە، تەنیا لە دوای ئیسرائیلەوە دێت لە رووی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە.
 
هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستنەداوە 
 
میدیای فەرمیی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر هەرێمی کوردستان، هێرشی وردن بۆسەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان. زانیارییەکان کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەو بانگەشانە پووچەڵ دەکەنەوە. 
لە کۆی 13 بۆ 15 سەربازی ئەمریکی کە لە ناوچەکەدا کوژراون، هیچ یەکێکیان لە هەرێمی کوردستان نەبووە. شەش ئەندامی ئەمریکیی ستافی فڕۆکەیەکی سووتەمەنی KC-135 لە رۆژئاوای عێراق گیانیان لەدەستدا، 7 تا 9 کەسی دیکە کە لە شەڕدا کوژراون، هەموویان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون. 
 
هەرچەندە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام تا رادەیەکی زۆر سەلامەتن، تەنیا سەربازێکی فەرەنسی بە درۆنێکی ئێرانی کوژراوە. تاران بە بەکارهێنانی ناوی هێرشی سەر ئەمریکییەکان وەک قەڵخانی جیۆپۆلەتیکی، هەوڵی داوە بەرگێکی دیکە بە بەری هێرشەکانیدا بکات. ئەوانەی شەهید دەکرێن هاونیشتمانیی سڤیل، پێشمەرگە و کارمەندی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بوون، بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە جەنگەکە. 
 
هێرشی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان
 
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە 28ـی شوباتەوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 698 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر. ئەوەی کە پەیوەندی بە زیانە گیانییەکانەوە هەیە، لانیکەم 17 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەم جۆرە:
 
7 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
1 ئەندامی ئاسایش
6 پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
2 هاونیشتمانیی سڤیل
1 سەربازی فەرەنسی
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی بریندارانەوە هەیە، ‎بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، 92 کەس لە دەستپێکی جەنگەکەوە بریندار بوون. 
 
قوربانییەکی ناڕێژەیی: کوردستان بەراورد کەنداو
 
کاتێک لە ئاستی جیۆپۆلیتیکی گشتی بڕوانین، ئەو قورساییەی خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان زیاتر روون دەبێتەوە. هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر گەورەی تووندوتیژیی ناوچەیی هەڵگرتووە.
 
بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، نیشان دەدات کە کوردستان بە ناڕێژەیی زیاتر کراوەتە ئامانج:
 
ژمارەی کوژراو و برینداران بەپێی وڵات و ناوچەکان: 
 
ئیسرائیل: 39 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 7,035 بریندار
 
هەرێمی کوردستان : 17 گیانلەدەستدان و 92 بریندار
 
ئیمارات: 12 گیانلەدەستدان و 217 بریندار
 
کوێت: 7-10 گیانلەدەستدان و 109 بریندار
 
قەتەر: 4 گیانلەدەستدان و 16 بریندار
 
بەحرێن: 3 گیانلەدەستدان و 42 بریندار
 
عومان: 3 گیانلەدەستدان  و 15 بریندار
 
سعودیە: 2 گیانلەدەستدان و 22 بریندار
 
سەرەڕای هەبوونی ژێرخانی وزەی فراوان و پەیوەندییە قووڵەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو وەک ئیمارات (12 کوژراو) و کوێت (7 تاوەکو 10 کوژراو)، زیانی گیانییان کەمتر بووە لە هەرێمی کوردستان. تەنیا ئیسرائیل کە رووبەڕووی جەنگی مووشەکی و زەوینی لەگەڵ حیزبوڵڵا بووەتەوە و 39 کوژراوی هەیە، زیاتر لە هەرێمی کوردستان خەڵکی تێدا کوژراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە