پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت

07-05-2020

22:43

فراکسیۆنی پارتی وەڵامی فراکسیۆنی یەکێتی دەداتەوە

فراکسیۆنی پارتی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی سەوز بە چەواشەکاری و بە لاڕیدا بردن ناودەبات و پێیوایە، "شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشیلی یاسا و ریگاگرتن لە جێبەجێبوونی پەیڕەوی ناوخۆ ، تووشی هیستریای کردوون".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی
 
پاش دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری وەرزی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پینجەمی پەرلەمانی کوردستان ، فراکسیۆنی یەکیتی  بە هەناسە توندی لە راگەیەنراویکدا هەندێک قسەیان بەرامبەر بەڕیز هیمن هەورامی جیگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ڕیز کردوە. 
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەریزیان پاشی دانیشتنەکە ، بێ ئەوەی بەرێزیان هیچ ناوی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بهینیت ، بە داخەوە فراکسیۆنی یەکیتی هەندی قسەو بابەتیان ڕیز کردوە کە جگە لە چەواشەکاری و بە لاریدا بردن، هیچ پیناسەیەکی دیکە هەڵناگریت. 
 
دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمان جیبەجیکردنی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و گرتنە بەری ریککارە یاساییەکان بوون بۆ جی بە جی کردنی یاساکان. شپرزەیی فراکسیۆنی یەکیتی لە راگەیەنراوەکەیان بە جۆریکە ، دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری پەرلەمان کە لە رووی پەیرەوی و بەرنامەی کارو نیسابی یاسایی و رێژەی دەنگدان و جیبەجیکردنی خالەکانی بەرنامەی کار بە پیی پەیرەو، بە ساختەو نماییش بزانن. 
 
دەبوو فراکسیۆنی یەکیتی ، هەر هیچ نەبوایە ، لە بەر حورمەتی دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرۆکەکەی هەڤالیکی سەرکردایەتی خۆیانە ، جی بەجی کردنی پەیرەو پابەند بوون بە یاساو بەشداری 58 ئەندامی بەرێزی پەرلەمان بە نمایش و ساختە نەزانن. 
 
دەبوو فراکسیۆنی یەکیتی بە خەڵکی کوردستان بڵێت ، ریگریکردن و کۆسپ دروست کردنەکانیان بۆ جیێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی و پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر تەشهیر و تۆمەت هەڵبەستن لەلایەن هەندیک لە ژێر پەردەی پارێزبەندی پەرلەمانی ، گەمەی ناشیرین بوو. دیارە شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشیلی یاسا و ریگاگرتن لە جێبەجێبوونی پەیڕەوی ناوخۆ ، تووشی هیستریای کردوون. 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان رەچاوی بەرژەوەندی گشتی کردوەو چاوپۆشی لە بە زۆر خۆسەپاندن کردووە، بەڵام هەموو شتیک سنووری خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان پیشیلی یاسا ناکات ، بەلام بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن دامەزراوە یاساییاکانەوە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەروەربوونی یاسا خستووەتەگەڕ. بەداخەوە ، بەو نەفەس و سیاسەتە چەوتەی لە ناوەڕۆکی راگەیەنراوتان گرتووتانەبەر زیان بە خۆتان و ئەزموونی کوردستانیش دەگەینن.    
 
لەگەل ئەوەشدا، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەریز جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجیکاری سیاسەت و بریارەکانی سەرکردایەتی پارتیمانن بۆ سەرخستنی دامەزراوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و پەیڕەوی ناوخۆ.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری راستەقینەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە بەو پێوەرەی کە زۆرترین متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە و هەموو بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا بووەو دەبێت. 
 
 فراکسیۆنی پ.د.ک لە پەرلەمانی کوردستان 
٧ ی ئایاری ٢٠٢٠

21:16

فراکسیۆنی یەکێتی: ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان کرا گەمەیەکی ناشیرین بوو

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا پارێزبەندی لە سۆران عومەر وەرگیرایەوە، رەخنەی تووند لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەگرێت و رایدەگەیێنیت، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی ئەمڕۆ نەیتوانیوە بەرگی حیزبی لەخۆی داماڵێت و لە ئاستی جێگری سەرۆک پەرلەمان نەبوو.
 
فراکسیۆنی سەوز هەروەها پێیانوایە لە قسەکانی ئەمڕۆیدا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ھێرشی "ناڕەوای" کردووەتەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و "تۆمەتی بێ بنەما"ـی داوەتە پاڵ ئەو حیزبە. هەروەها رایدەگەیێنن: "بڕوامانوایە کە ئەم قسانە بە مەبەستی تێکدانی زەمینەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی یەکێتی و پارتی کردووە نەک لە نائاگاییەوە".
 
فراکسیۆنی سەوز لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن: "ئەوەی ئەمڕۆ کرا بەتەنھا گەمەیەکی ناشیرین بوو لەژێرناوی سەروەری یاسا، بەڵکو ھستریای سەرکەوتنێکی ساختە بوو و غەدرێکیش بوو لە پێکھاتەکانی کوردستان کرا بۆ تێکدانی یەکڕیزی و ناشرینکردنی پرۆسەی حوکمڕانی بەکارھێنران و کرانە بەشێک لەگەمەی سیاسی". 
 

19:00

سۆران عومەر: ئەوەی روویدا بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بوو

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان
 
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری رایگەیاند، ئەوەی روویدا تەنیا بەرامبەر پەرلەمانتاری حیزبێک نییە، بەڵکو بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، فراکسیۆنی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بوو.
 
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان، فراکسیۆنی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، ئازادی و سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆی کرد کە هەوڵیانداوە پارێزبەندی لەسەری هەڵنەگیرێت.
 

 

14:34

فراکسیۆنی کۆمەڵ: ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە پێشهاتێکی زۆر خراپی دەزانین

فراکسیۆنی کۆمەڵ: ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە پێشهاتێکی زۆر خراپی دەزانین
 
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمنتاران نین، چونکە پێیانوایە ئەوە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە، "بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگی پەرلەمانتارە کە ئەویش بەلای خۆیەوە دەنگی گەل و خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
 
عەبدولستار مەجید دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمانتار باسی گەندەڵی و ستەم و کوشتنی بە ناحەق و دز نەکات، ئەی کێ باسی بکات؟ بۆیە پێمانوایە ئەمە پرۆسەیەکی خراپە و هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی زۆر سامناک دەبات".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی گوت "ئەم رووداوە بە پێشهاتێکی زۆر خراپ دەزانین، پێشمانوایە ئەوەی ئەمڕۆ روویدا خراپترە لە 19ـی ئاب، لێکەوتەکانیشی لە چەند ساڵی داهاتوودا دەبینین کە ئەو هەرێمی کوردستانە بەرەو کوێ دەبات". 
 

 

 

14:15

هێمن هەورامی: هەڵگرتنی پارێزبەندیی سۆران عومەر تەنها پەیوەندی بە سکاڵای سەرۆکوەزیرانەوە نییە

هێمن هەورامی: هەڵگرتنی پارێزبەندیی سۆران عومەر تەنها پەیوەندی بە سکاڵای سەرۆکوەزیرانەوە نییە
 
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بەتەنها پەیوەندی نییە بە سکاڵای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "چەندین کەیسی دیکە بوون کە دادگاکان نووسراویان بۆ پەرلەمان کردووە و هەموویمان لایە". 

 

14:01

سێ کەس دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئومێد خۆشناو دا

سێ کەس دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئومێد خۆشناو دا
 
 
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە 58 ئەندام پەرلەمان لە فراکسیۆنەکانی، پارتى، رافيدين، گەشەپێدانی تورکمان، چاکسازیی تورکمان، گەلی کلدانی سریانیی ئاشووری، ئەرمەن، لیستی میللەت، بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتار شادی نەوزاد ئامادەی بوون، سێ ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئومێد خۆشناو دا.
 

14:00

چوار کەس دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین دا

چوار کەس دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین دا
 
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە 58 ئەندام پەرلەمان لە فراکسیۆنەکانی، پارتى، رافيدين، گەشەپێدانی تورکمان، چاکسازیی تورکمان، گەلی کلدانی سریانیی ئاشووری، ئەرمەن، لیستی میللەت، بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتار شادی نەوزاد ئامادەی بوون، چوار ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین دا.
 

13:47

57 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر دا

57 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر دا
 
لەکۆی 58 پەرلەمانتاری بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان 57 پەرلەمانتاریان دەنگیان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر دا و پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا.
 

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بەتەنها پەیوەندی نییە بە سکاڵای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "چەندین کەیسی دیکە بوون کە دادگاکان نووسراویان بۆ پەرلەمان کردووە و هەموویمان لایە".

 

13:44

فراکسیۆنی ئازادی: ناچینە ناو ململانێی نێوان فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکان

 
د. محێدین حەسەن یوسف، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەو هەلومەرجە ناسکەدا کە چاوەڕوان دەکرا قورسایی کاری پەرلەمان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە بێت، بەداخەوە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەندێک ناکۆکی لاوەکی دەخەنە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان کە دەکرا لە رێگای دانوستاندن و گفتوگۆی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان چارەسەربکرێت، نەک ململانێی سیاسی چڕتر بکرێتەوە و ناکۆکییە نێوخۆییەکان تووندتر بکرێنەوە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا گەلی کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی بە هەلومەرجێکی هەستیار و مەترسیداردا تێپەڕدەبێت و دووچاری تەنگەژەی جۆراوجۆر دەبێتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابووری کە تاوەکو ئێستا قوربانییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی زەحمەتکێش. بۆیە لەو روانگەیەوە فراکسیۆنی ئازادی ناچێتە ناو ئەو ململانێیەی نێوان فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر ئەندامانی پەرلەمان نین.

13:27

پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت

پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سۆران عومەر
 
رووداو - هەولێر 

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی چوار پەرلەمانتار بە بەشداری 58 پەرلەمانتار دەستیپێکرد و فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد.
 
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ دەنگدان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر چوار پەرلەمانتار. 
 
عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم بابەت لای ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان چەند رەهەندێکی هەیە، یەکەمیان وەکو پرەنسیپ ئێمە باوەڕمان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی نییە لەسەر هیچ پەرلەمانتارێک و ئەمە پەیامێکی سیاسی تێدایە". 
 
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "لە روانگەی باوەڕبوونمان بە پرەنسیپی سازان و پاراستنی یەکڕیزی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و باوەڕبوونمان بە ئاخاوتن و رادەربڕینی پەرلەمانتار، بەرنامەی کارمان واژۆ نەکرد و بڕیارماندا سەرۆکایەتیی دانیشتنی 4ـی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەم نەکەین". 
 
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەیان بەوە کرد، "لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و رێزگرتن لە سەرجەم هێزەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان و رێزگرتن لە ئازادیی رادەربڕین، بڕیارماندا بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان بکەین".
 
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەیان بەوە کرد، "لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و رێزگرتن لە سەرجەم هێزەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان و رێزگرتن لە ئازادیی رادەربڕین، بڕیارماندا بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان بکەین".