رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵی تاوتوێی دوو سکاڵا دەکات لەلایەن دوو پەرلەمانتاری عێراقەوە لە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دژی سەرۆکوەزیران و سەرۆکۆماری عێراق تۆمارکراون.
دوو سکاڵاکە، کە لە خشتەی ئەمڕۆ، 7ـی ئایاری 2024ی دانیشتەکانی دادگەی فیدراڵیدان، لە لایەن پەرلەمانتاران مستەفا جەبار سەنەد و باسم خەزعەل خەشانەوە تۆمارکراون.
هەردوو سکاڵاکار داوایان لە دادگە کردووە، رەزامەندی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نادروست بزانێت و هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەو شوێن و دامەزراوانەشی هێزەکانی ئەمریکای تێدان لە دوای رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ عێراق بگەڕێندرێتەوە.
ئەوەش جگە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ئەو کردەوانە کراون لە دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنامەکە لە 1-1-2009 روویانداوە.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003، عێراق و ئەمریکا لەسەر کشانەوەی هێزە بیانییەکان رێککەوتنێکیان کرد، کە دەبێت تاوەکو سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا بڕۆنە دەرەوە.
ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق و سووریا نزیکەی 3500 سەرباز و راوێژکاری هەیە و نزیکەی 2500یان لە هەرێمی کوردستان و عێراقن.
پەرلەمانتار باسم خەشان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەوەی دەیانەوێت دەیکەن لە دەرەوەی یاسایە، دەبێت ئەو هێزانە کە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن لە عێراق بڕۆن و هێزەکانی عێراق پێویستی بە مانەوەیان نییە."
هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003 هاتنە عێراقەوە و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هێنا. لە ساڵی 2011 بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کشانەوە؛ لە ساڵی 2014 بۆ یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی داعش گەڕانەوە عێراق.
