رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی پێنجشەممە لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکانی لوڕستان دەکرێتە پشوو. جێگری پارێزگار هۆکارەکەی بۆ دەستگرتن بە کارەباوە دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 7-5-2025 لەلایەن ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان درا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، تاوەکو 21-09-2025 سەرجەم دامەزراوە، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژانی پێنجشەممەدا دادەخرێن.
حەمید کەشکوڵی، جێگری پارێزگاری لوڕستان هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکەی بۆ کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە گەڕاندەوە.
بەگوتەی حەمید کەشکوڵی، بڕیارەکە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان و تەنانەت بانکەکانیش دەگرێتەوە و لە سبەیەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت.
جێگری پارێزگاری لوڕستان ئاماژە بەوە دەدات: "لە رۆژانی دیکەی هەفتەدا کاتی کاری فەرمانگە حکومی و تایبەتەکان لە شەشی بەیانی بۆ یەکی دوانیوەڕۆ دەبێت".
جگە لە پارێزگای لوڕستان، پارێزگاکانی ئەردەبیل، گوڵستان، مەرکەزی، ئەلبورز، قوم و کرمانیش رۆژانی پێنجشەممەیان بە هۆی پرسی وزەوە کردووەتە پشوو.
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی کارەبا بووە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەک بڕینی کارەبای ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکانی گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ