ئاسایشی هەولێر لەبارەی رووداوی کوژرانی سێ ئەندامی خێزانێک: تۆمەتباری سەرەکیمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر "تۆمەتباری سەرەکیی رووداوی کوشتنی" ئەو خێزانە سێ کەسییەی دەستگیرکرد، کە ئەمڕۆ تەرمەکانیان لە گەڕەکێکی هەولێر دۆزرایەوە.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمشەو (7-6-2023) ئاسایشی هەولێر رایگەیاند تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە ناوی کەریم کانەبی حەسەنە و دانیشتووی هەمان گەڕەک بووە، دوای رووداوەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە، پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیری بکەن.
ئەو سێ ئەندامەی خێزانەکە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە، پێکهاتوون لە پیاوێک و هاوسەرەکەی و منداڵەکەیان. پیاوەکە ناوی عەبدوڵا حەمە شێخە بووە و تەمەنی 77 ساڵ بووە، ژنەکە ناوی فەهیمە مەولوود رەسوول بووە و تەمەنی 53 ساڵ بووە، هەروەها منداڵەکەیان ناوی سانا بووە و تەمەنی 11 ساڵان بووە.
ماڵی خێزانە کوژراوەکە دەکەوێتە نزیک مزگەوتێکی گەڕەکی سەرکارێز لە هەولێر، مامۆستای مزگەوتەکە کە رۆژانە پیاوی ماڵەکەی بینیوە، ئەمڕۆ قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا گوتی "پیاوەکە کوردە و ئافرەتەکە عەرەبە، منداڵەکەشیان لە دەوری 10 ساڵە".
مامۆستای مزگەوتەکە، گوتیشی ئەو خێزانە نزیکەی دوو مانگێک دەبێت ماڵیان هاتووەتە گەڕەکەکە، "پیاوی ماڵەکە کە دەهاتە مزگەوت، رۆژانە زوو دەهات، لەلای راست دادەنیشت و بەهۆی ئەوەی پێیەکی تەواو نەبوو، گۆپاڵی پێبوو، پیاوێکی بێ کێشەبوو لەگەڵ خەڵکدا".
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو "ئەو سێ کەسە بە چەقۆ کوژراون"، بەڵام تائێستا هۆکاری کوشتنیان ئاشکرا نەکراوە.
مامۆستای مزگەوتەکە لە گوتەکانیدا باسی لەوەش کرد "ئەو پیاوەی کوژراوە، بەردەوام هاتووچۆی مزگەوتی دەکرد، بەڵام بۆ نوێژی بەیانیی ئەمڕۆ نەمانبینیوە، هەروەها نوێژی نیوەڕۆش نەمانبینیوە، بۆیە لەوەدەچێت ئەو کارەساتە پێش نوێژی بەیانی روویدابێت".