دوو نووسراوی یەک بەڕێوەبەرایەتیی وەزارەتی پێشمەرگە کێشە دەخاتە نێوان پارتی و یەکێتی

07-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی تایبەت بە دابەشکردنی پۆستەکان لەو بەڕێوەبەرایەتییە، کە یەکێکیان فەرمانی وەزارییە و لەلایەن بریکاری وەزیری پێشمەرگە، کە لە پشکی پارتییە واژۆکراوە، ئەوی دیکەیان بە واژۆی بەڕێوەبەری میرەی گشتی لە پشکی یەکێتی کراوە، کێشە دەخاتە نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
 
بەڕێوەبەری گشتی میرە فەرمانە وەزارییەکە رەتدەکاتەوە. گوتەبێژی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەش دەڵێت، "دەبێت سیستمی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی 50 بە 50 بەردەوام بێت."
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی تەمموزی 2023، فەرمانێکی وەزاری، لەلایەن عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کە لەبری شۆڕش ئیسماعیل واژۆی کردووە، تایبەت بە"خشتەی روکن" دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بە دابەشکردنی پلەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی کراوە. 
 
هەمان رۆژ نووسراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەناوی "ئاگادارکردنەوە" بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە واژۆی لیوا رەفعەت عومەر عەزیز، بەڕێوەبەری میرەی گشتی کراوە. تێیدا دەڵێت، نووسراوەکەی بریکاری وەزیر "بەبێ رەزامەندیی ئێمە تێپەڕێنراوە و هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نەکراوە؛ بۆیە ئێمە لەو خشتەی روکنەی بەڕێوەبەرایەتییمان بەرپرسیار نین و پێوەی پابەندنابین، بۆ ئاگاداری". 
 
لە نووسراوی یەکەمدا کە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە واژۆی کردووە، هاتووە:
پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە بڕیارماندا بە:
1- پەسندکردنی "خشتەی روکن"ـی بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی بەپێی پەیکەری رێکخستنی پەسندکراوی ساڵی 2023 و جێگیرکردنی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکانیان بەو پایانەی لەبەرامبەر ناوەکانیان دیاریکراوە.
2- ئەم فەرمانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێدەکرێت.
 
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەوەی کراوە کاری سەرۆکایەتیی ئەرکانە و من تەنیا واژۆم لەسەر کردووە" و لە بارەی رەتکردنەوەیشی گوتی: "رەتناکرێتەوە". 
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو دوو نووسراوە کێشەی خستووەتە نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە. پوختەی کێشەکە بریتییە لە دابەشکردنەوەی پۆستەکان لە بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی. سەرچاوەکە کە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە نزیکە گوتی، پارتی دەیەوێت پۆستەکان بە رێژەی 57 بۆ پارتی و 43 بۆ یەکێتی بێت، بەڵام یەکێتی ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی بافڵ تاڵەبانییدا لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆر لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری باڵای یەکە سەربازییەکان، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە کشانەوەی یەکێتی لە وەزارەت کرد، ئەگەر رێکارەکان بە کارکردن بە سیستمی پێشوو واتە 50 بە 50 بەردەوام نەبێت".
 
لە راگەیێندراوی نووسینگەکەشیدا دوای کۆبوونەوەکەی ئەو رۆژە هاتبوو، "پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و هاوسەنگی هێز. هەر ویستێکیش لەدەرەوەی ئەم ئامانجە باڵایە رەت دەکەینەوە".
 
عەمید ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "دەبێت کارکردن بە سیستمی 50 بە 50 بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، ئەگەر نا هەر رێژەیەکی دیکە بێت رەتیدەکەینەوە، چونکە ناهاوسەنگی دروستدەکات."
 
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رۆژی 11ی مانگی رابردوو فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکرد و تێیدا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023ـی کردبوو کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و چەند راسپاردەیەکی دەرکرد، دیارترینیان" دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجیستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت، لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لەیاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە"، وەکو لە نووسراوەکەدا هاتبوو. 
 
دوای یەک رۆژ لەو فەرمانە، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە نووسراوێکدا بە ژمارە ‌(ئـ/14/2026) بە 10 خاڵ وەڵامی بریکاری وەزیری دایەوە و گوتی: "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن. ئەو کۆبوونەوەیەی ئاماژەتان بۆ کردووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەسەر پلانی بودجەی سێ ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە."
 
لە خاڵی کۆتایی نووسراوە فەرمییەکەیدا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئەم فەرمانە پەرچەکردارە و دەبێتە لێکترازانی هێزی پێشمەرگە و شوێنەواری نەرێنی زۆر خراپی دەبێت و دەبێت رەچاوی بەرپرسیارێتی ئاکاری، نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرچاوبگیرێت کە لە ئەستۆی هەموومانە."
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن، کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە