رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی کوژرانی مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کوژرانی مووسا باباخانی رادەگەیێنین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "ئەمڕۆ شەممە 7ی ئابی 2021 لەلایەن کارگێڕیی هۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری هەولێر ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکی کوشتن لەناو ئەو هۆتێلە. دوای گەیشتنی تیمەکانی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان دەرکەوت کەسی کوژراو هاووڵاتی کوردی رۆژهەڵات بە ناوی (موسا بابەخانی)ـیە."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت.
هەر لەسەر کوژرانی ئەو بەرپرسە، حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک راگەیێندراوێکی بڵاوکردبووەوە و رایگەیاند کە ئەو ئەندامە ناوی مووسا باباخانی بووە و رۆژی پێنجشەممە لەلایەن دوو کەسی "سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رفێندراوە"، بەیانیی ئەمڕۆ شەممەش، تەرمەکەی لە هۆتێلێکدا لە هەولێر دۆزراوەتەوە. تاوەکو ئێستاش ئێران هیچی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
لە راگەیێندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، جەستەی مووسا باباخانی شوێنەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوەدیار بووە و لە ژوورێکی هۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.
لەبارەی ناسنامەیەوە، حدک ئاشکرای کردووە کە ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکە خەڵکی کرماشان بووە و لەدایکبووی ساڵی 1981 لەدایکبووە، لە ساڵی 1999ـەوە پەیوەندی بە ریزەکانی حیزبەکەوە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ