ڤیدیۆ.. خشۆک و گیاندارە وشکاوەکییە دەگمەنەکانی ئیدر


رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەیبینن، یەکێکە لەو 31 جۆر خشۆکەی لە چیای ئاگری دەژین. پسپۆڕان دەڵێن لە ئیدری باکووری کوردستان و بەتایبەتیش لە دەوروبەری چیای ئاگری، چەندین جۆر کیسەڵ و خشۆک هەن کە دەگمەنن و لە شوێنی دیکە کەمتر دەبینرێن.
 
باهادر ئاکمان، مامۆستای زانکۆیە و دەڵێت، "لە ئیدر پێنج جۆر وشکاوەکیمان هەن، دوو جۆر کیسەڵی دەگمەن، 10 جۆر خشۆک و 14 جۆر مار هەن. لە وڵاتەکەماندا دەگمەنترین خشۆک و وشکاوەکییەکان لە ئیدر هەن، بەڵام جۆرێک هەیە؛ بۆقی خاکییە کە لە وڵاتەکەماندا دەگمەنە و نابینرێت."
 
مارمێلکەیەکی ئاگامای قەوقازیی تایبەتیش دەبینن کە زۆر جار بە شێوازێکی وەستانی تایبەت دەناسرێتەوە، پسپۆڕان دەڵێن مەبەستی لەم وەستانە نیشاندانی هێز و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەیە. 
 
باهادر ئاکمان دەڵێت، "کاتێک دێینە سەر باسی مارمێلکەکان؛ ئاگامای قەوقازی هەیە. ئەمە لە ناوچەکەماندا زۆرە و لە ئیدر زۆرترینە."
 
لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا باخچەی ئاژەڵانی گەورە هەن، بەڵام لە ئیدر هەوڵ بۆ دروستکردنی شوێنێکی تایبەت بە خشۆک و وشکاوەکییەکان دەدرێت.