دەمەقاڵێیەک لە بەنزینخانەیەکی هەولێر مەرگی سێ کەسی لێکەوتەوە

07-08-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
لەسەر بڕی 52 هەزار دینار، کارمەندێکی بەنزینخانەیەک لە هەولێر سێ کەسی کوشت
لەسەر بڕی 52 هەزار دینار، کارمەندێکی بەنزینخانەیەک لە هەولێر سێ کەسی کوشت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی شۆکهێنەردا، شەوی 6ی ئاب، بەهۆی دەمەقاڵێ لەسەر بڕی 52 هەزار دینار، کارمەندێکی بەنزینخانەیەک لە هەولێر سێ کەسی کوشت. یەکێک لە قوربانییەکان هاونیشتمانییەکی کوردە و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکەوە نەبووە.
 
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، رووداوەکە کاتێک دەستیپێکرد دوو گەنجی عەرەب بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەرەوە لە بەنزینخانەکە بەنزین تێدەکەن. لەکاتی بەنزین تێکردندا، بڕێک بەنزین بەسەر دەستی کارمەندەکەدا دەڕژێت. دوای تەواوبوون، نرخی بەنزینەکە 52 هەزار دینار دەکات، بەڵام گەنجە عەرەبەکان گومان لە بڕەکەی دەکەن و دەڵێن، "ئامێری پێوانەکردنی بڕی بەنزینەکەتان تەواو نییە." ئەم بابەتە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و دواتر شەڕ لەنێوان کارمەندەکە و دوو گەنجەکەدا.
 
لەکاتێکدا خەڵک هەوڵی هێورکردنەوەیان داوە، یەکێک لە کارمەندانی دیکەی بەنزینخانەکە، کە هاوڕێی کارمەندەکەی سەر پەمپەکە بووە، دەچێتە نێو ئۆفیسی بەنزینخانەکە و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفی پاسەوانێک دەهێنێت و دەستڕێژی گولـلە دەکات. لە ئەنجامدا هەردوو گەنجە عەرەبەکە دەکوژێت و گولـلەیەکیش بەر پیاوێکی دیکە دەکەوێت کە لە دەرەوەی بەنزینخانەکە لەسەر شەقامی گشتی وەستابوو.
 
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەنجێک رایکرد و بە کڵاشینکۆف هات. کاتێک یەکێک لە گەنجە عەرەبەکان مۆبایلەکەی دەرهێنا تاوەکو ڤیدیۆی بکات، تەقەکەری گەیشتە نزیک ئۆتۆمبێلەکە و هەڕەمەکی تەقەی کرد. ئەوەندە دەزانم هەتا سووڕا تەقەی لە ئێمەش دەکرد. من بەو دەرگایەدا رۆیشتم، گوتم 100% گولـلە بەر ئۆتۆمبێلی منیش کەوتووە."
 
شایەتحاڵێکی دیکە وردەکاریی زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت، "یەکی گولـلەیەکی لێدان، دوای ئەوە بەسەریاندا هاتەوە و یەکێکی دیکەی لێدان. کاتێک کەوتنە سەر زەوی، ئینجا چووە سەر سەریان و لێیدەدان. ئەوانەی بەرامبەری نە چەک و نە هیچیان پێبوو، بە شۆڕتەوە بوون و دیاربوو تازە لە وەرزش دەهاتنەوە."
 
یەکێک لە قوربانییەکان، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکەوە نەبووە، سەعد ئیسماعیلی تەمەن 49 ساڵە. سەعد وەستای بۆیاخ بووە و لە کاتی رووداوەکەدا لەسەر شەقامی کۆیە وەستابوو بۆ ئەوەی بە تاکسی بگەڕێتەوە ماڵەوە. سەعد باوکی دوو کوڕە و کوڕە گەورەکەی تەمەنی 17 ساڵە. بە گوتەی کەسوکارەکەی، ئەوان لە رێگەی وێنەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤیزیۆنەکانەوە زانیویانە کە سەعد کوژراوە. تەرمەکەی رەوانەی گوندی کەڵەکین کراوە و دواتر لە شاوێس بەخاک دەسپێردرێت.
 
قوربانییەکی دیکەی رووداوەکە ناوی حەمودى ریازە و پاڵەوانی لەشجوانیی عێراق بووە کە بە "دێوی عێراقی" ناسراوبوو. تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانیی سێیەم، کە ئەویش هاوڕێی حەمودى بووە و بە رەگەز عەرەب بووە، ئاشکرا نەکراوە.
 
هەر لە دوای رووداوەکە، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکراوە و وێنەکەشی بڵاوکردەوە. پۆلیس جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.