رووداو دیجیتاڵ
تەرمی مامۆستایەکی خانەنشینی زانکۆ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی زانکۆی شاری هەولێر دۆزرایەوە کە ماوەی هەفتەیەک بوو گیانی لەدەستدابوو و کەس پێی نەزانیبوو.
گزنگ کامیل مەجید، مامۆستای خانەنشین و لەدایکبووی ساڵی 1954ـی سلێمانی، دوای ئەوەی بۆنی تەرمەکەی لە ماڵەکەیدا بڵاوبووەوە، لەلایەن دراوسێکانیەوە هەستی پێکرا. جوان عەبدوڵڵا، یەکێک لە دراوسێکانی کە کارمەندی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێرە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار کردەوە.
تیمەکانی پۆلیسی بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان بۆ پزیشکی دادوەریی هەولێر گواستەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، خوشکێکی مامۆستا گزنگ ئامادەبووە و پێی راگەیێندراوە کە گیانلەدەستدانەکەی ئاسایی بووە و بەهۆی نەخۆشییەوە بووە.
مامۆستا گزنگ کامیل، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بوو لە کیمیا و لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2020، مامۆستا بووە لە بەشی کیمیای کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەدین. هاوژینەکەی، کە خەڵکی بەسرە بوو، لە هەمان کۆلێژ مامۆستا بووە و سێ ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە. ئەوان منداڵیان نەبووە، هەر بۆیە مامۆستا گزنگ لە تەنیاییدا دەژیا.
دکتۆر کەمال مستەفا، مامۆستایەکی خانەنشینی زانکۆ کە ماوەی 36 ساڵ هاوکار و هاوپیشەی مامۆستا گزنگ بووە، بە خەمەوە باسی کەسایەتییەکەی دەکات و بە کەسایەتییەکی "نایاب" وەسفی دەکات.
ئەمە دووەم رووداوی هاوشێوەیە لە ماوەیەکی کورتدا لە هەمان گەڕەک کە دوو هەفتە پێش ئێستاش، مامۆستایەکی دیکەی پیاوی خانەنشینی زانکۆ، کە ئەویش بە تەنیا دەژیا، بە هەمان شێوە دوای هەفتەیەک لە گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ