رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان دەڵێت، سێ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکرد بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر شەش کیلۆ و 700 گرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەگرتنی فەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەشاری هەولێر، لە بەرواری 7ی9ی2023 توانرا بڕی شەش کیلۆ و حەوت سەد گرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، حەشیش، ماریجوانا و تلیاک لەگەڵ هەزار شیت ترامادۆڵ و 10 شیت میتادۆن دەستی بەسەردا بگیڕێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، بە هاوئاهەنگیی بەشی جموجۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، سێ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بەو مادە هۆشبەرانەوە دەستبەسەر کردووە و "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبار کراوەتەوە. بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازە سنوورییەکان، لە شاری هەولێر دەست بەسەر دوو کیلۆ و 200 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و مەریجوانادا گیراوە و "چەندین کەس" بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ