رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 20 رۆژە لە بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و باڵاپۆشیی ناچاری، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵک بەڕێوەدەچێت، ژنان بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" داوای ئازادییە تاکەکەسییەکان دەکەن.
ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تەمەنی 22 ساڵ بوو، لە زانکۆی ورمێ وەرگیرا بوو، پێش دەستپێکردنی دەوام لەگەڵ براکەی لە تاران بە نیازبوون سەردانی کەسوکارەکانیان بکەن، بەڵام بەگوتەی کەسوکاری، لە کاتی گەڕانەوەی لە وێستگەی میترۆی شەهید حەققانی، پۆلیسی رەوشتی تاران پێی دەڵێن: سەرپۆشەکەت تووند بکەوە.
عیرفان ساڵح، ئامۆزای ژینا ئەمینی دەڵێت، "جلێکی زۆر ئاسایی لەبەردابوو، هەر ئەو جلەبوو کە هەموو ژنانی ئێران لەبەری دەکەن، مانتۆیێک، شاڵێک بەبەر سەرییەوەبوو، جلێکی زۆر ئاسایی و ئەو جلەی کە ئێران خۆی باوەڕی پێی هەیە هەر ئەو جلەی لەبەردابوو، شتێکی تایبەت و جیاوازی لەبەردا نەبووە".
بەگوتەی شایەتحاڵان، دەمەقاڵێ لەنێوان پۆلیسی رەوشتی تاران و ژینا روودەدات، پۆلیس رایدەکێشنە نێو مینی پاسێک و دەیگوازنەوە بنکەی پۆلیسی رەوشت لە شەقامی وەزیرانی تاران. شایەتحاڵان دەڵێن، بەدەم رێگەوە، گورزێک بەر سەری ژینا کەوتووە.
عیرفان ساڵح، ئامۆزای ژینا ئەمینی باس لەوەش دەکات، "لەو کاتەی کە لە سەری دەدەن بە باتۆم، دەکەوێتە سەر زەوی، هاوار دەکەن دەڵێن ئەو کەسە حاڵی خراپبووە و دەمرێت..."
گرتەیەکی نێو بنکەی پۆلیسی رەوشتی تاران کە میدیای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، پێشانی دەدات کە ژینا ئەمینی دادەنیشێت تاوەکو کاتی کەیسەکەی دێت. بە گوتەی پارێزەری دۆسیەکەی، کەمتر لە کاژێرێک و 40 خولەک لەوێ دەمێنێتەوە. هەڵدەستێتە سەر پێ و لەگەڵ ژنە پۆلیسێک دەیکاتە دەمەقاڵی و ئاماژەیەک دەکات وەکو بڵێی "کێشەی جلوبەرگی من چییە؟"، لەم قسانەدا ژینا دەکەوێتە سەر زەوی.
دواتر ژینا ئەمینی دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی کەسرا لە رۆژهەڵاتی تاران. دەوروبەری کاژێر 3ی ئێوارەی 16ی ئەیلوول و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە کەسوکاری راگەیێندرا.
تەرمی ژینا ئەمینی گەڕیێندرایەوە سەقز، زێدی باوک و باپیرانی. شایەتحاڵان دەڵێن بە باوکی ژینا گوتراوە، کچەکەی لە کاتی بێدەنگی بەرەبەیان بەخاک بسپێرێت، بەڵام باوکی بەوە رازی نەبووە و تەرمی ژینا ئەمینی لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و بە گریانەوە بە خاکسپێردرا،
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی گوتی، "بەدیاریکراوی نازانرێت بەچی لێیانداوە، بەڵام من لە نەخۆشخانە هەردوو قاچاکانیم بینی، گشتی رەش و شین بووەوە، زاهیرەن بەگوتەی ئەو خانمانەی کە لەگەڵی بوون دەڵێن: بە دار بووە، نازانم بەچی بووە، لەسەری دراوە."
شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی زۆر پرسیاری لای خەڵک دروستکردووە کە هێشتا نەگەیشتوون بە وەڵامەکانیان. ئەو شێوە گیانلەدەستدانەی ژینا ئەمینی، ترسی دەنگهەڵبڕینی لە دڵی ئێرانییەکان شكاندووە.
شاهنەڤازی، دانیشتووی تاران دەڵێت، "ئەوەی کە بەسەر ئەو خاتوونەدا هات زۆر جێگەی داخ بوو. لە راستیدا نەدەبوو لەژێر شکۆی ئێراندا ئەم کارە بکرێت. ئەم رەفتارە نە کاری ئیسلامە و نە بەشێکە لە فەرهەنگی ئێمە. پێموایە دەبێت لەسەر ئەم رووداوانە بوەستین و بیری لێ بکەینەوە."
فاتیمە چراخی، دانیشتوویەکی دیکەی تارانە و دەڵێت، "بەرپرسان هەر هاوسۆزییەک پیشانبدەن، کە کورد بناسم داوای لێبوردن قبووڵ ناکەن. لێرەوە دەبێت ئێمە باجی زۆر شت بدەین، باجی هەست و گیانی".
پۆل پۆل خەڵک لە شار و شارۆچکەکانی ئێران دەبینرێن دەچنە سەر شەقام، تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن. "دەیکوژم، ئەو کەسەی کە خوشکمی کوشت"، ئەم درووشمە لە تاران بووە وێردی سەر زوبانی خۆپێشاندەران.
لە خۆپێشاندانەکاندا هێزە ئەمنییەکان بە ماتۆڕسکیل و پیادەڕەوی رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە. تاوەکو هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی زیاتر بڵاودەبێتەوە، خۆپێشاندانەکان فراوانتر دەبن. لەنێو جەرگەی تاران، درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەگوترێتەوە. خۆپێشاندانەکان شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتووەتەوە.
لە شاری سنە هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ناڕازی رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە. لە خۆپێشاندانی 21ی ئەیلوولیش لە شاری سەردەشت، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 کەس کوژراون و دەیان کەس بریندارن.
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک دوای رووداوەکە، خۆپێشاندان بە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ئێران بڵاوبووەوە. ژنان بەشداربووانی دیاری نێو خۆپێشاندانەکانن. لابردنی سەرپۆشەکانیان و سەماکردن، ئەوپەڕی سەرکێشییان بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان پیشاندەدات.
خۆپیشاندانەکان لە ماوەیەکی کەمدا سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تێپەڕاند و گەیشتە وڵاتانی دیکە. لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خەڵک بەدەم سروودی "ئازادی" فرمێسک بۆ ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕێژن و قژیان دەبڕن.
ڤیۆلیتی، فەرەنسییەکی بە بنەچە ئێرانییە و گوتی، "دەیبڕم بۆ ئەوەی هاوسۆزی بۆ ژنانی ئێران پیشان بدەم، ئەمە کەمترین شتە کە بتوانین بیکەین."
خۆپێشاندانی لەوجۆرە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، لە ئەمریکای باکوور و باشوور روویدا. رەوەندی کورد و فارس لە شار و شارۆچکەکان چوونەسەر شەقامە گشتییەکان و سروودی دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان گوتەوە. ناوی ژینا یان مەهسا ئەمینی، چووە سەر سەکۆی زۆربەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان. وڵاتان شێوازی گیانلەدەستدانی کچە کوردەکەی سەقزیان سەرکۆنەکرد.
لەنێو ژووری کۆمەڵەی پسپۆڕانی تیشک لە تاران، بەرپرسانی ئێرانی دەیانەوێ چەند بەڵگەنامەیەک بخەنەڕوو کە گوایە ژینا ئەمینی، هیچ گورزێک بەر سەری نەکەوتووە.
حوسێن غیناتی، پسپۆڕی تیشک دەڵێت، "لە 2007 مەهسا ئەمینی لە شاری سەقز دەژیا، لە لایەن مەسعوود شیرڤانی نەشتەرگەرییەکی بۆ کرا، لە دەرکەوتنی سەرەتا و کۆتایی درکمان بە کرانیۆفارینگیۆما کرد."
بەگوێرەی فەرهەنگی پزیشکیی ئۆکسفۆرد، کرانیۆفارینگیۆما گریێیەکی سەرە و بە زۆری لە منداڵاندا روودەدات و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.
حوسێن غیناتی، پسپۆڕی تیشک باس لەوە دەکات، "من دڵنیام، با بڵێین تاڕادەیەک دڵنیام هیچ ئاماژەیەک نییە بڵێ هۆکاری مردنەکەی ئەوەیە گورزێک بەر سەری کەوتبێت."
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی گوتی، "ئەو شتانەی کە دەڵێن ژینا نەخۆشی پێشینەی هەبووە، چی هەبووە هەمووی درۆیە."
خۆپێشاندانەکان تاوەکو دێن تووندتر و فراوانتر دەبن. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئامارەکان مشتومڕیان لەسەرە. بەرپرسە باڵاکانی ئێران هەڕەشە دەکەن.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئامانجی دووژمن یەکڕیزیی نەتەوەییە، دەیەوێ یاریزان دژی یاریزان بجەنگن، بازرگان دژی بازرگان، گوند دژ بە گوند، شارۆچکە دژ بە شارۆچکە، ئامانجی دووژمن دروستکردنی ئاڵۆزی و درزە لە یەکڕیزی نیشتمانیمان."
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە لە پشت خۆپێشاندانەکانن. عەتا ناسر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان گوتی، "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدوانیان هەیە کە گوایە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵات دەستیان هەیە لەو خۆپێشاندانانە. ئێمە وەکو حیزبەکان پشتیوانیمان لێی کردووە، وەکو ناوەندی هاوکاری و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پشتیوانیمان لە خواست و داواکاری ئەو خەڵکە کردووە. پشتیوانیمان لە خۆپێشاندانەکان کردووە و پشتیوانیشی لێدەکەین و بە هەموو شێوازێکی مومکین."
کەمال کەریمی، ئەندامی بەڕێوەبەری گشتیی حدکاش باس لەوە دەکات، "دیارە دوو رۆژە لەسەر سنوور تۆپبارانی هەرێمی کوردستان دەکات بە بیانووی ئەوەی گوایە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە خۆپێشاندانەکان دەکات و پێشمەرگەی لێیە، بەڵام راستییەکەی ئێمە مەترسییەکی گەورە نابینین، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە بۆ خۆپاراستنی زیاتر."
رۆژی 28-09-2022 کۆماری ئیسلامیی ئێران بنکە و بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری شێراوە لە باشووری هەولێر نزیک ناحیەی پردێ، زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرد، بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 52 کەسی دیکە برینداربوون.
دوای 19 رۆژ لە گرژی و ئاڵۆزییەکان، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئیران دەرکەوتەوە و لە گوتارێکدا رۆژئاوای بە "دەستوەردان لە خۆپێشاندانەکان" تۆمەتبارکرد.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئیران رۆژی 3ی ئۆکتۆبەری 2022 رایگەیاند، "کێ ئەم بەرنامەداڕێژییەی کردووە؟ بەندە بە راشکاوی دەڵێت، ئەم بەرنامەداڕێژییە کاری ئەمریکا و کاری رژێمی داگیرکەر و نەزانی زایۆنی و شوێنکەوتووانییەتی،"
ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە چەترێک بۆ دەنگی ناڕازی.
هۆنیا کۆهان، هاووڵاتی بە بنەچە ئێرانی گوتی، "هەموو ژنان، چ ئێرانی، ئەوروپی، ئەفریقی یان ئەمریکی بن، دەبێت لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام ناوی مەهسا ئەمینی بڵێنەوە. ئەو بووەتە سیمبولی هەموو ئەو ژنانەی لە جیهاندا لەسەر بنچینەی رەگەز دەچەوسێندرێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ