رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە 770 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە خەرج دەکرێت.
موسەننا جەبار، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 07-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەفتەیە 770 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیارانی عێراق بە هەرێمی کورستانیشەوە خەرج دەکرێت کە دوایین بەشی شایستەی جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەبێت".
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بە چەند گوژمەیەک پارەی گەنمی جووتیارانی خەرجکردووە؛ دوایینیان نێوەڕاستی مانگی رابردوو بوو کە بڕەکە 680 ملیار دینار بوو.
بە گوتەی نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لەو 680 ملیار دینارە 107 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان بووە و "دابەشبوونەکەش بەم جۆرەیە: 50 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی؛ 32 ملیار دینار بۆ هەولێر و 25 ملیار دیناریش بۆ دهۆک."
لە وەرزی دروێنەی ئەم ساڵدا 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم رادەستکرا، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانی وەرگرتنی 4 ملیۆن تۆن گەنمی هەبوو.
دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لەم کاتەدا لە کاتێکدایە، وەرزی بەهار وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، جووتیاران دوای 24 کاژێر لە رادەستکردنی گەنمەکانیان چەکی پارەکانیان وەردەگرن و لەماوەی 15 رۆژدا پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.
جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ 500 هەزار تۆن گەنمیان بە بەهای 400 ملیار و 24 ملیۆن و 69 هەزار دینار رادەستی سایلۆکان کرد. پار، بەهۆی وشكەساڵی و کەمیی باران بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو؛ بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمی وەرگرت.
ئەم ساڵ بەرهەم زۆر بوو، بۆیە حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی لە هەرێمی کوردستان سنووردار کرد و تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ