مەسرور بارزانی: لە گەورەکانی خۆتان فێربن؛ لە مێژوو فێربن، پارتی ناشکێت

07-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری پارتی لە زاخۆ کەرنەڤاڵێکی بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی رێکخست. 
 
کەرنەڤاڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەنێو یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ بەڕێوەچوو.
 
مەسرور بارزانی داوای لە جەماوەری حیزبەکەی کرد دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و گوتی، "پارتی چەند هەوڵی بۆ سەرخستنی کوردستان و بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان داوە، ناحەز و نەیارانی پارتیش ئەوەندە هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی پارتی نەگاتە ئامانجەکانی و سەربکەوێت... بە پشتیوانی خودا و بە دەنگی ئێوە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە هەمووی لەنێو دەبەین".
 
"پارتی لە هەر شوێنێک بێت، ئاوەدانی لەوێیە"
 
مەسرور بارزانی باسی لە بەرنامەی کاری پارتی کرد و گوتی، پارتی داوای ئارامی دەکات، "لەبەر ئەوەی پارتی پێی وایە میللەتەکەمان شایستەی ئەوەیە ژیانێکی ئارام لە وڵاتێکی ئارامدا بژیێت".
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "ئێمە داوای ئاشتەوایی دەکەین و داوا دەکەین هەموومان بەیەکەوە بژین، لەبەر ئەوەی هەرچەند ئارامی و ئاشتی لە وڵاتماندا هەبێت، پارتی ئەوەندە گەشە دەکات و پێش دەکەوێت... پارتی لە هەر شوێنێک بێت، جێگەی دەستی دیارە و ئاوەدانی لێیە، هەر جێیەک پارتی لێبێت، ئاوەدان و پێشکەوتووە".
 
"پارتی بۆیە دروشمی خۆڕاگریی هەڵگرتووە، چونکە خۆڕاگر بووە"
 
مەسرور بارزانی باسی لە دروشمی پارتی کرد و گوتی، "پارتی بۆیە دروشمی خۆڕاگری هەڵگرتووە، چونکە لە بەرامبەر هەموو ئەو پیلان و پەلامار و هێرشانەی کە کراونەتە سەر کوردستان خۆڕاگر بووە. پارتی خاوەنی چەندین داستانە، خاوەنی هەزاران شەهیدە، خاوەنی پێشمەرگەی قارەمانە و خاوەنی خەڵکێکی قارەمانە و لەبەر ئەوەش خۆڕاگر دەبێت و هەتاهەتایە لەسەر خۆڕاگری بەردەوام دەبێت".
 
پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دروشمەکەی بریتییە لە "ئارامی، ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری" . 
 
مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکانی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "گەلێک لایەنی ئەمڕۆ کە دروشمیان هەڵگرتووە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پلانییان دادەنا بۆ ئەوەی ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ لەگەڵ دەستی دەرەکی خۆیان تێکەڵ دەکرد و هەوڵی ئەوەیان دەدا مافەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی فیدراڵیی بکەن".
 
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامی بۆ ئەو لایەنانە نارد کە "هەوڵی شکاندنی پارتی دەدەن" و گوتی، "هەموو ئەو لایەنانە و هەموو ئەو کەسانەی کە خەونیان بە شکاندنی پارتییەوە دەبینی، پێیان دەڵێین: [هەوڵی] شکاندنی پارتی شکستیهێناوە. فێرببن؛ لە گەورەکانی خۆتان فێربن؛ لە مێژوو فێربن، پارتی ناشکێت".
 
سەبارەت بە دروشمی ئەو لایەنانەی کە دەڵێن، "دەیڕوخێنین"، "تێکی دەدەین"، "کۆتایی پێدێنین"، مەسرور بارزانی گوتی، "کۆتایی بە چی دەهێنن؟"، هەروەها گوتیشی، "پارتی نە بە کودەتا و نە بە هەوڵێکی دەرەکی هاتووەتە سەر دەسەڵات، بەڵکو پارتی بە خەباتی خۆی، بە خوێنی شەهیدانی خۆی، بە ماندووبوونی پێشمەرگەی خۆی و بە دەنگی خەڵکی خۆی هاتووەتە سەر دەسەڵات".
 
"هەر دەستکەوتێک بۆ کوردستان بەدەستهێندرابێت لەژێر سەرکردایەتی پارتی بووە"
 
مەسرور بارزانی باسی لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەر دەستکەوتێک بۆ کوردستان بەدەستهێندرابێت، لەژێر سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە".
 
هەروەها لەبارەی رۆڵی پارتی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "بەبێ پارتی هیچ کەسێک نەیتوانیوە هیچ دەستکەوێت بۆ ئەو میللەتە بەدەستبهێنێت".
 
مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو لایەنانەشی کە لەگەڵ پارتی لە قۆناخە جیاوازەکان بەشدار بوون و هیوای ئەوەشی خواست کە "خۆیان تووشی هەڵە نەکەن و بزانن کە ئەو خێرەی ئەوان لەگەڵ پارتی دەیبینن، لە دژایەتیکردنی پارتی ئەو خێرە نابینن".
 
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی دەنگی هاووڵاتییان کرد و گوتی، "من پێم وایە لەم هەڵبژاردنە لە 20ـی ئۆکتۆبەر، دەنگی ئێوە بڕیاری خۆی دەدات و خەونی ناحەزان دەباتە ژێر خاک و هیوا و ئاواتی میللەتەکەمان سەردەخات و ئینشاڵڵا لەم هەڵبژاردنە بەدیار دەکەوێت کە خەڵکی کوردستان لەگەڵ کام ئاراستەدایە".
 
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بۆ زاخۆ کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتی لە هەر شوێنێک باڵادەست بێت، [ئەو شوێنە] ئاوەدانی دەگاتێ".
 
مەسرور بارزانی لەبارەی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش گوتی، "ئەگەر رێگە لە پارتی نەگیرێت، پارتی هیچ کات جیاوازی لەنێوان هیچ پارچە و دەڤەرێکی کوردستان نەکردووە".
 
لەبارەی بەرنامەی پارتیش، مەسرور بارزانی گوتی، "بەرنامەی ئێمە ئەوەیە زیاتر گرنگی بە گەنجان و لاوان و ئافرەتان بدەین، هەلی کاریان بۆ دابین بکەین و وابکەین کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەرفەت بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێنن".
 
مەسرور بارزانی زاخۆی بە "شاری هونەرمەندان" ناوبرد و گوتی، دەبێت بە یاسا مافی بەرهەمی هونەرمەندان بپارێزرێت و هیواشی خواست، "هەموو خەڵکی کوردستان، وەکو خەڵکی زاخۆ قەدری هونەرمەندان بزانن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە