گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: ئێمە و پارتیش ئاگامان لە راکێشانی بۆریی گاز بۆ وێستگەی تازە نییە

07-11-2023
سۆران حوسێن
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ناکۆکییان لەگەڵ پارتی زۆرە و بە کۆبوونەوە و دووان چارەسەر نابن؛ دەشڵێت، لە پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆراندا لەگەڵ پارتیدا هاوڕان.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، 7-11-2023ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی، "باسی ناکۆکییەکانمان کرد، چونکە کۆبوونەوە لەسەر ناکۆکییەکان بوو. کۆبوونەوەی یەکەم بوو دوای کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".
 
"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی پڕن لە کێشە"
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەکەی بە گرنگ پێناسە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی و پارتی پەیوەندییەکانیان "باش نییە و پڕە لە کێشە"؛ گوتیشی، "ئەو کێشانەی [لەگەڵ پارتی] هەمانە بە کۆبوونەوە و دووان چارەسەر ناکرێن. هەرکەس و ئارگیومێنتی خۆی هەیە بۆ کێشەکان کە چین؛ ئەگەر ئەمنی بن یان سیاسی یان کارگێڕی. پێویستە کێشەکان پۆلێن بکرێن و لەلایەن شاندێک وەکو ئەوەی ئەمڕۆ هەبوون و تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کاک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی و کاک نێچیرڤان، جێگری سەرۆکی پارتی و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی [تاوتوێ بکرێن]. ئەو تیمە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".
 
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای ناکۆکییەکان خاڵی هاوبەشیشیان هەیە و گوتی، "لە بابەتی پشتیوانیکردن لە حکومەت بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتیان هاوبۆچوونین؛ هەروەها پێکەوە هەوڵی ئەوە دەدەین دۆخی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی پارێزراوبێت".
 
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ رێگە خۆشکردن بووە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
 
"یەکێتی و پارتی ئاگاداری راکێشانی بۆری گاز نین"
 
دوێنێ دووشەممە، ئەحمەد نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەی بونیاتنان لە کۆمپانیای هێڵەکانی نەوت لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەی راکێشانی هێڵی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆری ناحیەی قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە کۆتاییهات. پڕۆژەکە لە 5ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و لە ماوەی 15 رۆژدا تەواو بوو".
 
دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بە هیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاری هێناوە؛ بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێک چ لە نێوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە".
 
لەبارەی راکێشانی بۆری گازەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە پارێزگای کەرکووک، سەعدی پیرە گوتی، "نە پارتی و نە یەکێتی ئاگادار نین لە بابەتی راکێشانی بۆری گاز بۆ کۆرمۆر. ئەو کاتە ئەوە روودەدات کە هەرێمی کوردستان بڵێت لە خۆمان زیادە و پێویستمان پێی نییە؛ لە هەموو کاتێکیشدا رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەوێت".
 
"یاسای هەڵبژاردن یەکسانی تێدا نییە"
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت، سەعدی پیرە گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتی هەڵبژاردنی دیاریکردووە، بەڵام تیمی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، ئەو یاسایەی بڕیارە هەڵبژاردنی پێ بکرێت ناتەندروستە؛ گوتیشی، "ئەو یاسایە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە. دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی بۆ 19ـی ئەم مانگە دواخستووە و کات ماوە و تاوەکو ئەوکاتە بەلایەکەدا دەکەوێت".
 
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی تێڕوانینی حیزبەکەی بۆ ئەو یاسایەی بڕیارە هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەبچێت کە لە تەواوی هەرێمی کوردستان یەک بازنەیی دەبێت گوتی، "کێشەی یاساکەمان هەیە؛ ئێمە پێمان وایە یەکسانیی تێدا نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.

بەرپرسێکی ئەمریکی: هەرێمی کوردستان هاوپەیمان و هاوبەشی 360 پلەی ئەمریکایە

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، هەرێمی کوردستان "هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا."