رووداو – هەولێر
مەحموود سەنگاوی، كە یەكێكە لەو كەسانەی پێشتر لەلایەن رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانییەوە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركراوە، روونكردنەوەیەك لەسەر دۆسێی كوشتنی كاوە بڵاودەكاتەوە.
شەوی 5/6 ئەم مانگە رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ لەبەردەم ماڵی خۆی لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كوژرا. ناوبراو چوار كەیسی لە دادگا هەیە، كە سكاڵای لەسەر چەند بەرپرسێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تۆمار كردبوو.
یەكێك لەو بەرپرسانەی یەكێتی مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە، كە بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا لە (گۆڤاری رایەڵ) كاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤارەكە بابەتێكی لەسەر بڵاوكردبووەوە، كێشە كەوتە نێوانیان و لە تۆمارێكی دەنگیشدا كە هەر ئەوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە مەحموود سەنگاوی هێرش دەكاتە سەر كاوە گەرمیانی.
رووداو پەیوەندی بە مەحموود سەنگاوییەوە كرد بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بدوێ، بەڵام ئەو تەنیا گوتی "ئەمشەو لە پەیجی تایبەتی خۆم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك روونكردنەوە دەدەم".
دوێنێ بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەجیا لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە ئیدانەی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانییان كرد، بەڵام مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لە هەمووان تووندتر دەڵێ " تیرۆركردنەكەی لەسەر قەڵەم و ئازادییە، ئەمەش زەنگێكی ترسناكە لەسایەی دەسەڵاتی یەكێتیدا".
كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا نووسیویەتی "هەموو جۆرە رووداوێكی لەم جۆرە ئیدانە دەكەم و ئاواتەخوازم بەزووترین كات دەزگا پەیوەندیدارەكان بكەرانی ئەم كردەوانە دەستگیر بكەن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن".
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبارەی رووداوەكەوە نووسیویەتی "هەتا لێكۆڵینەوە بكوژی شەهید ئاشكرا نەكات، تۆمەت بەخشینەوەم پێ خراپە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم: بەرپرسانی ئاسایشی گەرمیان، دوای چركە ساتی ئەم تاوانە، كەوتوونەتە بەردەم بەرپرسیارییەتی یاسایی و ئەخلاقی، تەنانەت هی ناوچەكەش. تاقە یەك ڕێگاش لەبەر دەمییانە، ئەویش دۆزینەوەی تاوانبارەكانە".
مەلا بەختیار دەڵێ "پێم وایە كاوە تیرۆرستی عەرەب شەهیدیان نەكردووە. لەسەر كێشەیەكی شەخسی و عەشایەریش تیرۆر نەكراوە، كەوابێت: تیرۆ كردنەكەی لەسەر قەڵەم و ئازادییە. ئەمەش زەنگێكی ترسناكە .. لەسایەی دەسەڵاتی یەكێتیدا".
هاوكات عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێ "تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی هەوڵدانێكی بێ هودەی نەیارانی ئازادی و كاری رۆژنامەنووسانەی ئازادە لەپێناو كپكردنی ئازادی و بەرتەسككردنەوەی ئەو پانتاییانەی ئازادی كە لەكوردستاندا بەخوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتە بەدیهێنراوە، هەوڵدانێكی ئامانجدارە بۆ ناشرینكردنی رووخسارە جوانەكانی ئازادی و دیموكراسی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی پاراستن و گەشەپێدانی گرتۆتە ئەستۆی".
جێگری سەرۆكی حكومەت جەختدەكاتەوە، كە ئەوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەسپێرن كە زووبەزوو سەرەداوی ئەم كارە، كە ئەو بە "دڕندانە" وەسفی دەكات ئاشكرا بكەن .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ