رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە 442 پێشمەرگە لە لیوای دووی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چاوەڕێی فەرمانی دەستبەکاربوون و دامەزراندنیانن. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، دەستبەکاربوونیان پێویستی بە "رێککەوتنی سیاسی و تەرخانکردنی دارایی" هەیە.
ئەو پێشمەرگانە بڕیارە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە لیوای دووی هاوبەش دەستبەکاربن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەک مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە، بگرە خولی راهێنانیشیان بۆ نەکراوەتەوە.
چەند پێشمەرگەیەک لەو لیوایە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ساڵی 2023 داواکاریی دامەزراندنیان پێشکێش کردووە و لە مانگی تەممووزی 2024 لە سەربازگەی کەرکووش لە دیالە چاوپێکەوتن و بایۆمەترییان بۆ کراوە، بەڵام لەو کاتەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە و پێیان دەگوترێت "چاوەڕوان بن."
یەکێک لەو پێشمەرگانە گوتی، "ئێمە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە دەنگدانی تایبەت لەگەڵ هێزە سەربازییەکان دەنگمان داوە، بەڵام هێشتا مووچەمان نییە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پێشمەرگانە، رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراقیان هەیە و تەنیا لەسەر فەرمانی وەزیری بەرگری ماوە بۆ ئەوەی بچنە نێو خولی راهێنانەوە.
عەمید عەبدولستار یاسین زێباری، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نووسراوی دەستبەکاربوونی ئەو پێشمەرگانە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە، بەڵام گرفتەکە داراییە.
عەمید عەبدولستار گوتی، "لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا رەزامەندیی داراییان نییە، دەستبەکار نەبوون، پێویستە پارەیان بۆ تەرخان بکرێت ئینجا دەستبەکار دەبن."
نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەریی لەسەر چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە هەیە و دەڵێت، "بۆ ئەوەی ئەو کەیسە زوو یەکلا ببێتەوە، پێویستی بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ