رووداو- هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پاش کەمێکی دیکە راگەیێندراویك لەبارەی دەستگیرکردنی گرووپێک لە شاری هەولێر بڵاودەکاتەوە.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند:"ئەو گرووپە لە چەند کەسێک پێکدێت و بەنیازبوون لەڕێگەی کردەوەی خۆکوژی لەنێو شاری هەولێر، تەقینەوە ئەنجام بدەن کە یەکێکیان پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی پێبووە".
پەیامنێری رووداو هەروەها رایگەیاند:"ئەو گرووپە لە چەند رۆژی رابردوو لەرێگەی ئەو زانیاریانەی کە بە ئەنجوومەنی ئاسایش گەیشتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەناو شاری هەولێر دەستگیرکراون".
بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی میدیایی رووداو) ئەو گرووپە لە 3کەسی بە رەگەز عەرەب پێکهاتوون کە سەر بە رێکخراوی داعشن و خەڵکی پارێزگای دیالەن، ئەو سێ کەسە لەڕێگەی سلێمان بەگەوە هاتوونەتە هەولێر، بڕێکی زۆر ماددەی تەقەمەنییان پێبووە و یەکێکیان پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی لەگەڵ بووە کە بە نیاز بوون لە شوێنە قەرەباڵخەکانی شاری هەولێر تەقینەوەیەکی خۆکووژی گەورە ئەنجام بدەن.
بەپێی پەیجی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو گرووپە رۆژی 6-2-2015 دەستگیرکراون.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
تیمە هاوبەشەکانی لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنەکان، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانیان کردەوەیەکی خۆکوژی تیرۆریستانی داعش پووچەڵبکەنەوەو سێ تیرۆریست دەستگیربکەن، کە شاری هەولێر کرابوو ئامانجی پلانە تیرۆریستییەکەیان.
دانپێدانانی گرووپە تیرۆریستییەکە کە هاوکات ئەم لەگەڵ ئەم راگەیێندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، تێدا هەر سێ تیرۆریستیەکە دانیان بەوەداناوە کە دەوڵەتی تیرۆریستی داعش لە رێگەی تیرۆریست (حازم محەممەد داود منصور الجبوری) پشتینییەکی بۆمبڕێژکراو و شەش بۆمبی لاستیکی لە سنووری ناوچەی سلێمان بەگەوەو بۆ کەرکووک و دواتر بۆ هەولێر گواستووەتەوە، لە هەمان کاتدا تیرۆریست (خلف اسماعیل خلف عبید الجبوری) ئامادەکراوە بە پشتینە بۆمبڕێژکراوەکەو بۆمبەکانەوە خۆی لە شوێنی ئامانج بتەقێنێتەوە.
بەپێی پیلانی گرووپەکەی تیرۆریستییەکەی داعش تیرۆریست (جنید خالد بلاسم غزبان) ئەرکی گواستنەوەی خۆکوژەکە (خلف اسماعیل خلف عبید الجبوری) زاوای لە ئەستۆ بووە بۆ شوێنی مەبەست، بەڵام پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکە هێزەکانمان توانیان پیلانەکە پووچەڵبکەنەوەو تیرۆریستەکان دەستگیربکەن، هەروەها دەستبەسەر پشتینە بۆمبڕێژکراوەکەو شەش بۆمبەکەدا بگرن.
ئەم تیرۆریستە دەستگیرکراوانە پێشتر بە سوودوەرگرتن لە ئاسانکاریی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەی شارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
8-2-2016
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ