باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا: داوای بەپەلە وەستاندنی هێرشەکانی سەر ئەنەکەسە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا داوا دەکات هێرشەکانی سەر نووسینگەکانی ئەنەکەسە رابگیرێن.
باڵیۆزخانەکە دەڵێت، "نیگەرانین لەو هەواڵانەی باس لە هێرشکردنە سەر نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد - ئەنەکەسە لە باکووری سووریا دەکرێن و داوای بەپەلە وەستاندنی ئەم هێرشانە دەکەین."
رۆژی 1ـی ئادار لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان 'جوانێن شۆڕشگێڕ' هێرشیان کردە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سووریا - پەدەکەسە کە پێکهێنەری سەرەکیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد - ئەنەکەسەیە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات، "دەست بە گوتارێکی ئاشتییانە و مانادارەوە بگرن بۆ بەرەوپێشبردنی خواستەکانی گەلی سووریا بەبێ تووندوتیژی."
رۆژی 1ـی ئادار، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا – ئەنەکەسە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە کراوە، ئاگر لە بارەگاکەمان بەردراوە".
بەگوتەی سلێمان ئۆسۆ، بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێکیان بریندار بوون و زیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیشیان گەیشتووە.