لە شەڕە تەقەی دوو دراوسێدا لە ئامەد، سێ کەس کوژران و 5ـی دیکەش بریندار بوون

08-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئامەدی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی شەڕە تەقەی نێوان دوو دراوسێ، سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 8ـی ئاداری 2025) کێشە لە نێوان دوو دراوسێی ناکۆک لە گوندی دیکیۆل سەر بە شارۆچکەی چەرمیک لە ئامەدی باکووری کوردستان روویدا. بەهۆیەوە سێ کەس کوژران کە دووانیان برا بوون و کوژراوی سێیەمیش لە ماڵباتی بەرامبەر بووە. هەر لەم شەڕەدا پێنج کەسی دیکەش لە هەردوولا بریندار بوون. 
 
پۆلیسی شارۆچکەی چەرمیک دەڵێت، تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕە تەقەی نێوان دوو دراوسێیەکە نازاندرێت، بەڵام سەرەتای رووداوەکە بە دەمەقاڵەی تووند لەنێوانیاندا دەستیپێکردووە، دواتر بووە هۆی بەکارهێنانی چەک.
 
لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەدا، دوو برا بە ناوەکانی ئەرداڵ و ئەرجان لە شوێنی رووداوەکەدا کوژراون. لە ماڵباتی بەرامبەریشدا کەسێک بە ناوی عومەر کوژراوە. پێنج بریندارەکەش سێ کەسیان برای عومەر بوون و دوو بریندارەکەی دیکەش ئامۆزای ئەرداڵ و ئەرجان بوون. 
 
دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و جەندرمە، ژمارەیەک ئەمبیوڵانس بانگکران و تەواوی بریندارەکانیان گواستنەوە نەخۆشخانەی شارۆچکەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، یەکێک لە بریندارەکان بەناوی حوسێن کە دەکاتە برای عومەر، سێ گوللـە بە سینگی کەوتووە و تەندروستیی ناجێگیرە. 
 
هێزەکانی جەندرمە، 6 کەسیان لە هەردوو بنەماڵە دراوسێیەکە دەستگیرکردووە و بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە هێزێکیان لە گوندەکە جێگیرکردووە. 
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو، 3 هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەک کراون، کە تێیاندا 2 هەزار و 318 کەس کوژراون و 3 هەزار و 820 کەسی دیکە بریندار بوون. 
 
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیا، 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە