ترەمپ لە ناردنی هێزی کوردی رۆژهەڵات بۆ نێو ئێران پاشگەز دەبێتەوە

دوێنێ کاژێر 01:42
لهۆن نەسرەدین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەشێكی جیهانی ئیسلامیی تا رادەیەک بۆ دژ و لایەنگر دابەشکردووە و کاریگەری لەسەر هزری نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکانیش دروستکردووە، لەنێویاندا بۆ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوەش پرسێک بوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای جەنگی دژی ئێران ورووژاندی، بەڵام وا دەردەکەوێت ئێستا لێی پاشگەزبووبێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەشداریکردنی هێزە کوردییەکان لە جەنگەکەدا رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت، چاومان لەوە نییە کورد بچێتە ناوەوە. وەک دەزانن، ئێمە لەگەڵ کورد زۆر دۆستانە مامەڵە دەکەین، بەڵام نامانەوێت جەنگەکە ئاڵۆزتری بکەین لەوەی کە هەیە".
 
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نایەوێت زیان بە کورد بگەیێندرێت و بکوژرێن، دەشڵێت: "پەیوەندیی باشمان هەیە، ئەوان دەیانەوێت بچنە ناوەوە، بەڵام من پێم گوتن نامەوێت بچنە ناوەوە، پێموایە جەنگەکە خۆی هێندەی پێویست ئاڵۆزە، بێ ئەوەی کورد تێکەڵی بکرێن".
 
لە نۆیەمین رۆژی جەنگەکەدا، هێشتا هیچ ئاماژەیەک لەسەر درزتێکەوتن لە دەسەڵاتی ئێران بەدی ناکرێت. عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێرانییەکان لەوانەیە لەنێوان خۆیاندا هاورا نەبن، بەڵام ئێرانین و پشتگیری لە ئێران دەکەن و لە دابەشکردنی ئێران هاوکارت نابن، سەرباری ئەوەی دەستوەردانی ئێوەیان لەم ناوچەیەدا بینیوە".
 
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی جیۆسیاسیی کورد بەشێكی بەرچاوی سیاسەتەکانی دیاری دەکات، بەتایبەتی کە تورکیا وەک دراوسێ و هاوسنووری کورد سەنگی خۆی لەو هاوکێشەیەدا هەیە.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پرسەی لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ کردووە و دەڵێت: "ئەوەشم گەنگەشە کرد لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. پێم گوت هەندێک ئاماژە و بانگەشە هەن کە دۆخێكی لەو جۆرە لە ئارادایە، پێی گوتم ئەمریکا تێکەڵ بەوە نەبووە و ویستێكی لەو جۆرەشی نییە".
 
هێشتا زووە بزانرێت جەنگی شوباتی ئەم ساڵ، کەی و چۆن و بە چ باجێك کۆتایی دێت، بەڵام خاڵێکی وەرچەرخانی هێناوەتە ئاراوە کە وا دەکات بە ئەگەری زۆرەوە، ژمارەی کورد لە هاوکێشەی نوێی ئێراندا، سەنگی خۆی هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە