رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرێكی گشتیی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزارەتەكەی بۆ بڕیاردان لەسەر ئاراستەی خوێندنی ئەم ساڵ کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریكا و ئێران، ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئاراستەی چارەنووسی خوێندنی ئەم ساڵ.
د. توانا نەجەف گوتی، "ئەمڕۆ یان سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكرێ، تێیدا چارەنووسی خوێندن یەكلایی دەكرێتەوە. هەر بڕیارێك بدرێت دەچێتە هەفتەی داهاتوو."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی روونكردەوە، 80% پڕۆگرامەكانی خوێندنیان تەواو كردووە و رایگەیاند، "دەكرێ ئەو ئاگربەستە بكەینە دەرفەتێك تاوەكو دەست بە تاقیكردنەوەكان لەنێو هۆڵەكان بكەین، ئەوەش لە دەسەڵاتی وەزیردایە."
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ