زیانی 40 رۆژی جەنگ لەسەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی خەمڵاندنەکان زیانەکانی چل رۆژی داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەرووی گەشتە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە. ئەمەش لەسەر بنەمای گەشتەکانی مانگی ئادار و نیسانی 2024 ، کە کۆی گەشتەکانی هەموو ساڵەکە، زیاتر لە 21 هەزار بووەو سەروو 2.4 ملیۆن کەسی گواستووەتەوە. 
 
ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕاکاری بەسەردا دێت، زیاتریش روو لە زیادبوون دەکات، بەڵام بەگشتی لە 2011وە کە داتاکان بەردەستن، ساڵانە ئاسمانی هەرێمی کوردستان 20 بۆ 30 هەزار گەشتی ئاسمانی دەبێت و زیاتریشی نێودەوڵەتییە تاوەکو نێوخۆیی. 
 
بۆ نموونە، بەپێی ئامارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی لە 2024دا کۆی گەشتەکان 21 هەزار و 764 گەشت بووە، کە 17 هەزار و 285 گەشتی نێودەوڵەتی و 4 هەزار و 479 دانەشی نێوخۆیی بووە لەنێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق بووە. 
 
زۆرترین گەشتی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی ساڵانە لەرێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە دەکرێت. بەشێوەیەک لەکۆی ئەو 21 هەزار و 764 گەشتەی کراوە لەساڵی 2024 دا، رێژەی 83٪ یان 18 هەزار و 198 ی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.
 
داهاتەکانی هەر فڕۆکەخانەیەک لە گەشتی هاتن و رۆشتنی فڕۆکەیەکدا جیاوازە و پێکدێت لە کرێی نیشتنەوە، داهاتی هەر گەشتیارێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، کرێی بارکردن و بەتاڵکردن، گواستنەوەی کاڵاکان و هتد. 
 
ئەگەر لەسەر بنەمای IATA بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نیوەراست کەمترین داهات بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار بکەین ئەوا زیانە ماددیەکانی ئەم چل رۆژە بۆ گەشتە ئاسمانییەکان نزیکەی 416 ملیۆن دۆلارە، چونکە لەسەر بنەمای داتاکانی 2024 بەتێکڕا مانگانە کۆی خەمڵینراوی داهاتی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان 386 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
ژمارەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە
 
ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵانە لەرێگەی دوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان گەشت دەکەن زیاترە لە 2.5 ملیۆن کەس، کە  زۆرترینی گەشتی نێودەوڵەتییەو زۆربەی هەرەزۆریان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەکرێن.
 
بۆ نموونە لە 2024دا کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی گەشتی نێوخۆی و نێودەوڵەتیان کردووە و ئەم دوو فڕۆکەخانەیان بەکارهێناوە 2.4 ملیۆن کەس بووە. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 2 ملیۆن کەسی گەشتی نێودەوڵەتیان کردووە و 343 هەزار گەشتی نێوخۆی و 2.1 ملیۆن کەسیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان بەکارهێناوە. 
 
بەشێکی گرنگی دیکەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵایە، بەشێوەیەک لەساڵێکدا بەتەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر 19 هەزار  و112 تۆن لەرێگەی ئاسمانییەوە گواستراونەتەوە، زۆرترینیشی بەتاڵکردنی کاڵاکان بووە تاوەکو بارکردن. لەو ساڵەدا 17 هەزار و 852 تۆن کەلوپەل و کاڵا بەتاڵ کراون و 1260 تۆنیش بارکراوە.  
 
گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەلەکانیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی چوار هێندە کەمترە بە بەراورد بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەوێر، بەشێوەیەک لەساڵێکدا کۆی کەلوپەل و کاڵای بارکراو و بەتاڵکراو 5 هەزار و 812 تۆن بووە، کە زۆرترینیشی داگرتن بووە بە بڕی 5 هەزار و 556 تۆن. ئەوەی جێگەی سەرنجیشە بەرزی ژمارەکانی داگرتنی کاڵا و کەلوپەکان لەمانگی ئاداری 2024 دا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گەیشتووەتە 1 هەزار و 679 تۆن و زۆر جیاوازە لە مانگەکانی پێش و پاش خۆی.
 
بەتێکرا کۆی کاڵا بارکراو و بەتاڵکراوەکان (داگرتن) لە هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان لەساڵێکدا دەگاتە 25 هەزار تۆن، کە رێژەی 93٪ ی هاوردەکردنی کەلوپەل و کاڵایە تاوەکو بارکردن و هەناردەکردن. ئەمەش دەرخەری هەمان راستیی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراقە، کە پشت بەهاوردەکردن دەبەستێت. 
 
 
 
زیانەکانی چل رۆژەی جەنگ لەسەر فڕۆکەخانەکان لە هەرێمی کوردستان
 
لە مانگی ئاداری 2024دا کۆی گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کوردستان هاتن و چوون 1 هەزار و 564 گەشت بووەو لەمانگی نیسانی هەمان ساڵیشدا 1 هەزار و 564 گەشتی ئاسمانی بووە. هەروەها بڕی کاڵای گوازراوە لەمانگی ئاداردا 3 هەزار و 118 تۆن و لە نیساندا 2 هەزار و 195 تۆن بووە. 
 
هەموو ئەو کەسانەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیان بەکارهێناوە و گەشتەکانیان کردووە، لەمانگی ئادار 151 هەزار و 147 کەسە و لە نیسانی 2024دا 174 هەزار و 853 کەس بووە. بۆ نموونە داهاتی فڕۆکەخانەیەک بۆ کرێی نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەک هەزار دۆلار بێت، هەر کەسێک گەشتی نێودەوڵەتی بکات 30 دۆلار و گەشتی نێوخۆ بکات 6 دۆلار بێت. خزمەتگوزاری بارکردن و داگرتن 70 دۆلار و داهاتی تکتی هەر گەشتیارێک، ئەوا نزیکەی 1 هەزار و 200 دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێک فڕۆکەخانە بەکاربهێنیت. 
 
ئیستا لەسەر بنەمای کەمترین داهاتە جیاوازەکان بۆ فڕۆکەخانەیەک و داهاتی تکتەکان بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە گەشتی و نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا و خەمڵاندنێک بۆ مانگی ئاداری 2024 بکەین، ئەوا داهاتی خەمڵێنراوی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان 290 ملیۆن دۆلار و مانگی نیسان لەو ساڵەدا 365 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
خشتەی خەمڵینراوی داهاتی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی هەرێمی کوردستان / مانگانە / دۆلار 
 
 
کە ژمارەی گەشتیاران و ئەو فڕۆکانەی لەرێگەی هەرێمی کوردستانەوە گەشتەکانیان روو لە زیادبوونە، بۆ نموونە کۆی ژمارەی گەشتیاران (هاتوو و رۆشتوو) لە 2022دا 2.2 ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە 2024دا زیادی کردووە بۆ 2.6 ملیۆن کەس. 
 
لەکۆتاییدا ئەگەر ژمارکانی مانگی ئادار و نیسان 2024 بۆ ئادار و نیسانی 2026 بکەینە بنەمایەک بۆ ئەو 40 رۆژەی داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگەوە، ئەوا کۆی ئەو داهاتەی لە مانگی ئاداری 2026دا لەدەستچووە، 290 ملیۆن دۆلار و لە 10 رۆژی یەکەمی مانگی نیسانیشدا 121 ملیۆن دۆلارە، واتە لەو 40 رۆژەدا زیانە خەملێنراوەکان بەتەنیا داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 416 ملیۆن دۆلارە. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی: ئومێد دەکەم ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئومێدەوارن ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێ و هیواشی خواست ئەم ئاگربەستە ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.