رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی هێرشە درۆنییەکان، نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین لە هەولێر دادەبەزێت و لێپرسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانیش دەڵێ، مانگێکی دیکە دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەست، نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەستانی هێرشە درۆنییەکان کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و نرخی گازی ماڵانیش ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی، سالار محەممەد گوتی، کە چەندین رۆژە دابەشکردنی بەنزین بەردەوامە و سبەیش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "ئێستا لە 17 بەنزینخانەی سەرانسەری پارێزگای هەولێر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە نزیکەی 40 بەنزینخانەی هەولێر بەنزینی حکومی دابەش دەکران، بەڵام لێپرسراوی پشکنینی نەوت و کانزاکان دەڵێ "ئەگەر ئاگربەست بەردەوام بێت، مانگێکی دیکە دۆخی سووتەمەنی بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە."
لە 28ـی شوباتەوە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە؛ ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ