هاتنی سەوزە و میوە بۆ عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ نیوە کەم بووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی سەوزە و میوە لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە تایبەت نرخی تەماتە و مۆز کە نرخەکانیان گەیشتووەتە دوو هێندە و هاوکات بڕی هاوردەکردنی بەرهەمەکانیش بۆ نیوە کەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە لەمەودوا ئاسایی بێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو بەرهەمەکان رۆژانە گران دەبوون، بەڵام نرخی تەماتە زۆر بەرزبووەتەوە و کیلۆی لە عەلوەکاندا بە دوو هەزار دینارە. ئاماژەی بەوەش کرد کە میوەکانی مۆز، هەرمێ و لیمۆ لەگەڵ پەتاتە گران بوون".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتیشی، لە عەلوەکان نرخی کیلۆیەک مۆز گەیشتووەتە سێ هەزار دینار. هەروەها "پێشتر رۆژانە 100 بارهەڵگر سەوزە و میوەمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمبوونی خواستەوە کەمتر لە 50 بارهەڵگر دێن، بەڵام بەهۆی ئاگربەستەوە پێشبینی دەکەین باردۆخەکە ئاسایی بێتەوە".
 
هاوکات سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی گوت، رۆژ بە رۆژ نرخی سەوزە و میوە بەهۆی ئەم گرژیانەوە گران دەبوو و تەماتە گەیشتووەتە دوو هەزار دینار و هەناردەکردنی لە ئێرانەوە قەدەخەکرابوو.
 
 سەروەر عەلی باسی لەوەکرد، کە مۆز و لیمۆش زۆر گران بوون، "بە جۆرێک کارتۆنێک مۆزی مامناوەند لە 13 هەزار دینارەوە بووەتە 27 هەزار دینار".
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە سستییەکی زۆر لە بازاڕدا دروستبووە، پێشتر رۆژانە 1500 تۆن سەوزە و میوەیان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ نیوە کەمبووەتەوە. 
 
لە 28ـی شوباتەوە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە؛ ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026 ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە