رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دا و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش رایدەگەیێنێت، دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-04-2026 ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانمان و ئێستا دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە."
هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەو ئاگادارییەی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقەوە پێیان گەیشتووە، لە ئەمڕۆوە 08-04-2026 ئاسمانی عێراق بەڕووی جووڵەی فڕۆکەوانیدا بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەتەوە.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە هێڵە ئاسمانییەکان بەپێی پلانی خۆیان و دوای رێکخستنەوەی خشتەی گەشتەکانیان، بە زووترین کات گەشتە ئاسمانییەکانیان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێبکەنەوە.
بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بە وەکالەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 کردنەوەی ئاسمانی عێراق و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە."
فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بریتین لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، جەلال تاڵەبانی (سلێمانی)، کەرکووک، موسڵ، بەغدا، نەجەف و بەسرە.
هەر لەوبارەوە جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق، ئەمڕۆ کردنەوەی ئاسمانی عێراقی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دووپاتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ