رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک لە هەولێر گلەیی لە بریکارەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان دەکەن و دەڵێن، دابەشکردنی گاز "دادپەروەرانە نییە" و هەندێکجار گاز بە ویستی موختار و بریکارەکان دەدرێتە خەڵک. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێریش دەڵێت، "هەر کەسێک سکاڵای هەیە لە بریکارەکە با پەیوەندیمان پێوە بکات."
ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 20 هەزار خێزانی سنووری مادەی 140 مامەڵەی کارتی گازیان پێشکێش کردووە.
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی خۆیان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئاماژە بەوەدەکەن، بریکارەکانی گاز لە هەندێک گەڕەک پابەندی نۆرە نین. هاونیشتمانییەک دەڵێت: "رۆژ هەیە بریکارەکە لەگەڵ موختاری گەڕەک دێتە کۆڵانەکان و هەرکەس بیانەوێت گازی پێدەدەن."
هاوکات، سەنگەر ئەحمەد کە هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی توڕەقی هەولێرە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە فۆرمی خۆراکمان سنووری مادەی 140ـە، داواکاریمان پێشکێشکردووە بۆ دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی گاز، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆمان نەگەڕاوەتەوە."
وەڵامی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رادیۆی رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەرکی ئێمە ئەوەیە گازەکە بە نرخێکی فەرمی و بە یەکسانی بگاتە دەستی هاونیشتمانییان. ئەگەر هاونیشتمانییەک گاز وەرنەگرێ، کەسێکی دیکە ناتوانێت دوو بوتڵ وەربگرێ."
سەبارەت بە رۆڵی موختارەکان لە شێوازی دابەشکردنەکەدا، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەندێکجار بەهۆی کەمیی بڕی گازەکەوە موختارەکان دەستوەردان دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو کۆڵانانەی کە نۆرەیان گرتووە و گازیان وەرنەگرتووە. راشیگەیاند: "هاونیشتمانییان دەتوانن لە کاتی هەبوونی هەر سکاڵایەک پەیوەندی بە ژمارەی سەر تابلۆی بریکارەکانەوە بکەن و راستەوخۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگاداربکەنەوە."
کارتی گاز بۆ خێزانەکانی مادەی 140
سەبارەت بەو خێزانانەی نیشتەجێی هەولێرن و فۆرمی خۆراکیان سنووری مادەی 140ـە، ئاری کاکەشین گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار خێزانی سنووری مادەی 140 مامەڵەیان پێشکێشکردووە، چەند هەزارێکیشیان بۆ دەرچووە و لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی کارتەکانیان دەکرێ."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی، پرۆسەکە بە قۆناخبەندییە و سەرجەم دانیشتووان و ئاوارەکانی نێو کەمپەکانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی خەڵکەکەوە کاتی دەوێ.
لەبارەی بڕی گازی رۆژانە، ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوە کرد کە دوو رۆژە دۆخەکە بەرەو باشی چووە و گوتی: "رۆژانە بە نزیکەیی 100 تۆن گاز دەگاتە هەولێر، بەڵام بڕەکە جێگیر نییە و رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ