رووداو - هەولێر
پێش چەند رۆژێک لە هەولێر گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ دەکوژرێت و کوشتنەکەی دەبێتە قسە و باسێکی زۆرێک لە هاونیشتمانیان و رووداو ساتی کوشتنی گەنجەکەی بەڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) كەوتووە، دەردەکەوێت، ئەو کەسەی گەنجەکەی کوشتووە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاند كرۆسەر)ی پێیە و لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی هەڕەشە لە گەنجەکە دەکەن و دوای ئەوەی یەکێکیان فیشەکێکی لێدەدات بە ئۆتۆمبێلیش بەسەر جەستەیدا دەڕوات و تەرمەكەی جێدەهێڵێت.
كاژێر 23:30 خولەکی شەوی 2-5-2016 لەسەر شەقامی 100مەتری نزیك گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، لە هەولێر گەنجێكی تەمەن 26ساڵ بەناوی "بارزان رەشید"، كە ئۆتۆمبێلی خۆی پێبووە، لەگەڵ كەسێكی دیكە كە بەهەمان شێوە ئۆتۆمبێلی پێبووە بووەتە دەمەقاڵێیان، سەرەنجام فیشەكێك بەر سەری بارزان دەكەوێت و گیان لەدەستدەدات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو هەتاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە.
وەک لە گرتە ڤیدۆکەدا دەردەکەوێت، ئەو کەسەی کە کوژراوە کەسێکی دیکەی لەگەڵدایە، بەڵام لەکاتی مشتومڕی نێوانیان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەریان نابێت.

چیرۆكی جیاواز لەبارەی رووداوەكە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسدەکرێت، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا کە زۆرێکیان پێیان وایە کە ئەو گەنجە لەسەر فول لایت کوژراوە و بەشێکی دیکەش باس لە هەبوونی کێشە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا دەکەن.
گەیلان سلێمان عەلی، لێکۆڵەری دادی پێشتر بۆ رووداو گوتبوی، ئەم جۆرە کوشتنە وەک رووداوی کوشتنی ئەو شوفێرەی لەسەر فول لایت روویداوە، بە "ئەنقەست" دادەنرێت و دەڵێت "بۆ تاوانێکی لەم شێوەیە، بێگومان ماددە تووندەکانی یاساکانی سزادان دەیگرێتەوە".
ئەو لێکۆڵەری دادی، لەسەر بابەتی ئەو گەنجەی کە دەگوترێت لەسەر فول لایت کوژراوە، لە زاری ئامۆزایەکی کوژراوەکە، رووداوەکەی گێڕایەوە ، کە ئەو وەک لێکۆڵەرێکی دادی پرسیاری لێکردووە و دەڵێت "تاوانبارەکە دوای ئەوەی رەماشی بۆ بارزان (کوژراوەکە) لێداوە، دەمانچەی لەسەر سەری داناوە و مۆبایل و ساڵنامەکەی لێسەندووە و پێی گووتووە بەدوام بکەوە، نەیداوەتەوە، ئەوەش هۆکاری ئەوە بووە بارزان بەدوای تاوانبارەکە بچێت مۆبایل و ساڵنامەکەی لێ وەربگرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ