خوێندنەوەیەك بۆ دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستاندا

08-05-2018
ئیسماعیل حەمە عەلی خورماڵی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە یەكی حوزەیرانی 1975 دامەزراوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش لە 2009 لە یەكێتی جیابووەوە. یەكێتی لەپاش ڕاپەڕینی 1992 و بزووتنەوەی گۆڕانیش پاش دروستبوونی، بەشداری سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیان كردووە.


لێرەدا بەخێرایی تیشك دەخەینە سەر ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان لەو هەڵبژاردنانەدا كە بەشدارییان كردووە لە ساڵی 1992 تا 2014 و شیكاری ئەو داتایانە دەكەین. هەروەها شیكاری دۆخی یەكێتی و گۆڕان دەكەین لەو هەڵبژاردنانەدا، تا ئاستی هەڵكشان و داكشانی دەنگەكانیان بەجیا و پێكەوە.

داتاكانی هەڵبژاردن:

لە عێراق و هەرێمی كوردستان سێ‌ جۆر هەڵبژاردن كراون: (پەرلەمانی كوردستان- پارێزگاكان- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق). لەخوارەوە بەكورتی تیشك دەخەینە سەر شێوازی بەشداریكردنی یەكێتی و گۆڕان لەو هەڵبژاردنانە و داتاكانی.

یەكەم: هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان

خولی یەكەم 1992

یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو. حەوت لیست بەشدارییان لەو هەڵبژاردنەدا كرد كە ژمارەی ئەندامانی ئەو خولەی پەرلەمان 105 پەرلەمانتار بوو، واتە كێبڕكێكە لەسەر 105 كورسی بوو. یەكێتی لەگەڵ حیزبی زەحمەتكێشان لیستێكی هاوبەشیان پێكهێنا، توانییان لەكۆی (971,453) دەنگ (423,833) دەنگ بهێنن، واتە رێژەی 43.6%. لەو هەڵبژاردنەدا جگە لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی هاوبەشی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان)، هیچ لیستێكی دیكە نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنن‌ كە 7% بوو. سەرەڕای ئەوەی پارتی 14056 دەنگی زیاتر بوو لە لیستە هاوبەشەكەی یەكێتی و زەحمەتكێشان، بەڵام كورسییەكانی پەرلەمانیان 50 بە 50 لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد، پێنج كورسییەكەی دیكەشیان دایە مەسیحییەكان (چوار كورسی بۆ بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و یەك كورسیش بۆ لیستی یەكگرتووی مەسیحییەكانی كوردستان).

خولی دووەمی پەرلەمان (2005)

پاش زیاتر لە 13 ساڵ، لە 30/1/2005  خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. 13 لیست كێبڕكێیان لەسەر (111) كورسی دەكرد. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی و یەكێتی و چەند حیزبێكی دیكە پێكەوە (لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان)یان پێكهێنا و لە كۆی (1.753.918) دەنگ (1.570.663) دەنگیان بەڕێژەی 89.6% بەدەستهێنا و (104) كورسی پەرلەمانیان بەركەوت. لەناو لیستەكەدا (38) ئەندام بەر یەكێتی كەوت.

خولی سێیەمی پەرلەمان (2009)

لە رۆژی 25/7/2009 سێیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو كە 24 لیست كێبڕكێیان لەسەر (111)  كورسی كرد. پارتی و یەكێتی پێكەوە (لیستی كوردستانی)یان پێكهێنا و توانییان لەكۆی (1.876.196) دەنگ (1.076.370) دەنگ و (59) كورسی بهێنن بەرێژەی 57.37%، یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا 29 كورسی بەركەوت.

لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار بزووتنەوەی گۆڕان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و توانی (445024) دەنگ بەڕێژەی 23.72% بەدەست بهێنێت و (25) ئەندامی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

خولی چوارەم (2013)

هەڵبژاردنی 2013 دەركەوتنەوەی دەنگی راستەقینەی یەكێتی بوو، لەو هەڵبژاردنەدا كە لە21/9/2013 بەڕێوەچوو، (31) لیست بەشدارییان كرد. یەكێتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (1.970.317) دەنگ توانی (350.500) دەنگ بهێنێ‌، واتە 17.8%ی دەنگەكان، یەكێتی لەو خولەی پەرلەمان خاوەنی (18) كورسییە. گۆڕانیش لەم هەڵبژاردنەدا (476.736) دەنگی بەدەستهێنا بە رێژەی 24.2% و بووە خاوەنی (24) كورسی.

دووەم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان:

لەكوردستان دوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان كراوە، یەكەمیان لە ساڵی 2005 كە یەكێتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و لە كۆی (124) ئەندام (48) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی بردەوە. دووەمیان لە ساڵی 2014 دا كرا، یەكێتی بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (90) ئەندام (19) ئەندامی ئەنجوومەنی بردەوە. 

لە خشتەی ژمارە (1) وردەكاری ئەو هەڵبژاردنانە خراوەتەڕوو:

خشتەی ژمارە (1) دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان



گۆڕان تەنیا لە دووهەم هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەساڵی 2014 دا بەشداری كردووە، لەكۆی (2.161.038) دەنگ (490.572) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی 22.7%. لەكۆی (90) ئەندام (17) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی بەدەستهێنا كە بەمشێوەیە بوو::

هەولێر (108.117) بەڕێژەی 14.3%.
سلێمانی (309.600) بەڕێژەی 39.7%.
دهۆك (22.855) بەڕێژەی 4.6%.

سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لە عێراقدا چوار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە. لە ساڵی 2005 دوو هەڵبژاردن و پاشان لە ساڵی 2010 و 2014. لە دوو هەڵبژاردنەكەی 2005 دا، زۆربەی حیزبە كوردستانییەكان بە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بەشدارییان كرد، بۆیە دەنگەكانی یەكێتی ناتوانرێت دیاری بكرێ.

لە هەڵبژاردنی 2010دا یەكێتی بەشێوەی هاوپەیمانی بەشداری كردووە، لەبەر ئەوەی لیستی كراوە بوو كاندیدەكانی لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم (396.237) دەنگ و (11) كورسییان بەدەستهێنا بە رێژەی 20.44%.

لە هەڵبژاردنی 2014 چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەكێتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و لەكۆی (2.128.167) دەنگ لە هەرێمی كوردستان (500.410) دەنگ و بە رێژەی 23.51%، (11) كورسی بەدەسهێنا، وەك لە خشتەی ژمارە دوو روونكراوەتەوە.

خشتەی ژمارە (2) دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق



لەساڵی 2010 گۆڕان بۆ یەكەمجار بەشداری كرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسێ پارێزگاكەی هەرێم (425.793) دەنگ و (8) كورسی بەدەستهێنا بەڕێژەی 21.96%. لەو هەڵبژاردنی 2014شدا گۆڕان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد، لەكۆی (2.128.167) دەنگ لە سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (469.802) دەنگ و (9) كورسی بەدەستهێنا. بەڕێژەی 22.08%. نەخشەی ژمارە (3) وردەكاریەكانی روون دەكاتەوە:

خشتەی ژمارە (3) دەنگەكانی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق



هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان

سەبارەت ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. لەبەر ئەوەی زۆرجار بەشێوەی هاوپەیمانی بەشداری لەو ناوچانەدا كراوە، بۆیە داتایەكی ورد و دروست لەو بارەیەوە لەبەردەست نییە بۆ پارتەكان، بەڵام بە وردبوونەوە لەكۆی دەنگی پاڵێوراوانی لیستەكان ئەوا ئەنجامی دەنگەكانی یەكێتی لەو ناوچانە دیاری دەكرێت، لە خشتەی ژمارە (4) دا دەنگی یەكێتی و رێژەكەی روونكراوەتەوە:

خشتەی ژمارە (4) دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.




خشتەی ژمارە (4) رێژەی دەنگی یەكێتی دەردەخات لەسەر ئاستی پارێزگاكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان. ئەگەر لەو سێ‌ پارێزگایە تەنیا دەنگی لیستە كوردستانییەكان وەرگرین ئەوا لە ساڵی 2010 یەكێتی (222.686) دەنگ و رێژەی 40% دەنگی كورد لەو ناوچانە پێكدەهێنێ. لە ساڵی 2014 یەكێتی بە (318.881) دەنگ و رێژەی 52.1% دەنگی كورد لەو ناوچانە پێكدەهێنێ.
گۆڕان لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ساڵی 2010 بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد و تەنیا (56.263)  دەنگ و رێژەی 2.7%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا بەم شێوەیە:

كەركووك (36.554) بەڕێژەی 6.6%.
نەینەوا (10.715) بەڕێژەی 1%.
دیالە (8.994) بەڕێژەی  1.8%.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵی 2014 گۆڕان تەنیا لە كەركووك بەشداری كرد بە لیستی سەربەخۆ و (17.944)  دەنگی بەدەستهێنا كە دەكاتە 1.3 دەنگەكانی ئەو پارێزگایە.

ئەگەر تەنیا دەنگی لیستە كوردیەیكان هەژمار بكەین، لە پارێزگاكانی (كەركووك و نەینەوا و دیالە)  لە ساڵی 2010 گۆڕان (56.263) دەنگی بەدەستهێناوە واتە 10.1%ی رێژەی دەنگی كورد لەو ناوچانە پێكدەهێنێت.. لەساڵی 2014 تەنیا (17.944) دەنگی بەدەستهێنا كە رێژەی 2.9% ی دەنگی كوردە لەو ناوچانە.

شیكاری داتاكان و ئەنجامەكان

هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان:

لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان (2005 و 2009) ناتوانرێت دەنگی یەكێتی و رێژەكەی بزانرێت، چونكە بەشێوەی هاوپەیمانی بەشدار بووە و لیستی داخراویش پیادەكراوە. خشتەی ژمارە (5) داتای هەڵبژارنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەخاتەڕوو:

خشتەی ژمارە (5) دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان



لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێتی ژمارەی دەنگەكان و رێژەكەی و ژمارەی كورسییەكانی بەڕێژەیەكی بەرچاو داكشاوە، لەسەر ئاستی كوردستان (73.333) دەنگ كەمیكردووە، 25.8% ڕێژەكەی داكشاوە، ژمارەی كورسیەكانیشی لە (50) كورسی بۆ (18) كورسی دابەزیوە. گۆڕان لەدوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2009 و 2013 بەشدار بووە. لە هەڵبژاردنی دووەم (31.712) دەنگ زیادی كردووە بەڕێژەی 0.48% بەڵام كورسییەك كەمی كردووە.

دووەم: هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان

ئەگەر بەراوردی دەنگ و رێژەی یەكێتی بكەین لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان وەك لە خشتەی ژمارە (1)دا روونكراوەتەوە: لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم (237.422) دەنگ كەمیكردووە، بەرێژەی 18.9%. ژمارەی كورسییەكانیشی لە (48) بۆ (19) دابەزیوە.

گۆڕان تەنیا لە یەك هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەشدار بووە، بۆیە ناتوانین بەراوردی دەنگەكانی بكەین.

سێیەم: هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لەدوو هەڵبژاردنی 2005 ناتوانرێت دەنگەكانی یەكێتی دیاری بكرێت لەبەر ئەوەی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری نەكردووە. هەڵبژاردنەكانیش لیستی داخراو بووە.

دەنگ و رێژەی یەكێتی لەهەڵبژاردنی 2010 و 2014 كە لەخشتەی ژمارە (2)دا روونكراوەتەوە، لەسێ پارێزگاكەی هەرێم (104.173) دەنگ زیادی كردووە و بەڕێژەی 16.66% رووی لە هەڵكشان بووە.

دەنگ و رێژەی گۆران لە هەڵبژاردنی 2010 و 2014 كە لەخشتەی ژمارە (3)دا روونكراوەتەوە، لەسێ پارێزگاكەی هەرێم (44.009) دەنگ زیادی كردووە و بەڕێژەی 0.12% رووی لە هەڵكشان بووە.

ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.

سەبارەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، وەك لە خشتەی ژمارە (4) دا روونكراوەتەوە، یەكێتی لەهەرسێ‌ پارێزگای (كەركوك، نەینەوا، دیالە) ژمارەی دەنگ و رێژەكەی لە هەڵكشاندا بووە. لەڕووی دەنگەوە (96.195) دەنگی زیادكردووە و بەڕێژەی 4.55% لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاكە و 12.1% لەسەر ئاستی دەنگی لیستە كوردییەكان هەڵكشاوە.

لە ناوچە كوردستانییەكاندا یەكێتی لە دوایین هەڵبژاردندا (318.881) دەنگی هێناوە، بەرێژەی 15.05%ی دەنگی ئەو سێ‌ پارێزگایە و  52.1%ی رێژەی دەنگی كوردە لەو سێ پارێزگایە.

بەپێچەوانەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، گۆڕان لە ناوچە كوردستانییەكان دەنگێكی لاوازە و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 تەنیا (56.263)  دەنگی بەڕێژەی 2.7% بەدەستهێنا، كەچی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 دەنگەكانی بۆ (17.944) دابەزی و رێژەی 0.85% دەنگی ئەو سێ پارێزگایە بوو. لەسەر ئاستی لیستە كوردستانیەكانییش لە 10.1% رێژەكەی دابەزی بۆ 2.9%.

هەڵبژاردنەكان بەپێی ساڵ:

لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان لە ساڵی 1992 تا 2014 یەكێتی بەشداری كردووە بەو شێوەیەی كە لەسەرەوە روون كراوەتەوە. لەبەر هاوپەیمانێتی و لیستی داخراو لەهەندێ‌ هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی نازانرێت، بەڵام لەو هەڵبژاردنانەی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كردووە یاخود لیستی كراوە بووە، دەتوانرێت لەڕێی هەژماری دەنگی كاندیدەكانییەوە دەنگەكانی دیاری بكرێت. ئەگەر تەنیا سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان وەرگرین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامانەی كە لەخشتەی ژمارە (6)دا روونكراوەتەوە:

خشتەی ژمارە (6) دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا



خشتەی ژمارە (6) دەریدەخات كە دەنگەكانی یەكێتی لەنێوان ساڵانی 1992 تا 2014 هەڵكشان و داكشانی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2013 نزمترین ئاستی دەنگ و رێَژەی تۆمار كردووە كە (350.500) دەنگە بەڕێژەی 17.8%. بەرزترین ئاستی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2005 بووە كە (765.544) دەنگە. بەرزترین رێژەش لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 كە 43.6% بووە.

لەڕووی رێژەی دەنگەوە كە پێوانەیەكی دروستترە بۆ هەڵسەنگاندن، چونكە ژمارەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لەپاش جیابوونەوەی گۆڕان، یەكێتی نیوەی ڕێژەكەی لەدەستداوە، لەساڵی 1992 یەكێتی رێژەی دەنگەكانی 43.6% بوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2013دا داكشاوە  بۆ  17.8%. دواتر رێژەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2014 بەرزبووەتەوە بۆ 24.4%.

سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشداری هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 و پاشتری كرددوە، خشتەی ژمارە (7) دەنگ و رێژەكانی بەپێی ساڵ رووندەكاتەوە:

خشتەی ژمارە (7) دەنگەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا



خشتەی ژمارە (7) دەریدەخات كە دەنگەكانی گۆڕان كەمێك هەڵكشان و داكشانی بەخۆوە بینیوە. 

كەمترینی دەنگ و رێژەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی 2010 یە كە (425.793) دەنگە بەڕێژەی 21.96%. زۆرترین دەنگیش هەڵبژاردنی پارێزگاكانی ساڵی 2014 یە كە (64.779) دەنگ زیاترە لەكەمترین ئاستی دەنگی و دەنگەكانی بۆ (490.572) هەڵكشاوە. بەرزترین ئاستی رێژەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2013یە كە 24.2%.

دەنگی یەكێتی و گۆڕان پێكەوە:

لەپاش 2009 یەكێتی بەڕێژەیەكی بەرچاو دەنگەكانی داكشا بەهۆی جیابوونەوەی گۆڕانەوە. بەڵام گۆڕان زیاتر لەو دەنگانەی بەدەستهێناوە كە لەیەكێتی كەم بووەتەوە. خشتەی ژمارە (8) كۆی دەنگ و رێژەی یەكێتی و گۆڕان پێكەوە دەخاتەڕوو:

خشتەی ژمارە (8) دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا



بەپێی خشتەی ژمارە (8) دەنگ و رێژەی دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان پێكەوە زۆر زیاترە لە دەنگەكانی یەكێتی پێش جیابوونەوەی گۆڕان. یەكێتی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2005 بەرزترین ئاستی دەنگی (765.544) دەنگ بوو. بەڵام لە كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوموەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014 دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان (253.150) دەنگ زیادی كردووە و بۆ (1.018694) هەڵكشاوە. بەرزترین رێژەشی 43.6% بووە لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ساڵی 1992 بەڵام لە كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی 2014 دەنگی هەردووكیان پێكەوە بۆ 47.1% بەرزبووەتەوە، واتە بەرێژەی 3.5%. زیادی كردووە.

لەكۆتاییدا: 

ئەو ئەنجامانەی سەرەوە دەریدەخات كە یەكێتی هێزێكی سەرەكی بووە لە هەڵبژاردنەكانی 1992 تا 2005 و لەسەرجەم هەڵبژاردنەكان زیاتر لە 43%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. بەڵام لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان  لەساڵی 2009 دەنگ و ڕێژەكەی دابەزیوە. لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2013 نزمترین ئاستی دەنگ و رێژەی تۆمار كردووە كە (350.500) دەنگە بەڕێژەی 17.8%.

هەروەها لەناوچە كوردستانییەكان یەكێتی هێزێكی سەرەكییە و لەكۆتا هەڵبژاردندا لە پارێزگاكانی (كەركوك، نەینەوا، دیالە) توانیویەتی (318.881) دەنگ بەدەست بهێنێت بە ڕێژەی 52.1% دەنگی كورد لەو ناوچانە. 

گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەك هێزی دووەم لە سێ پارێزگاكەی هەرێم پارێزگاری لە دەنگەكانی كردووە، رێژەكەی لە 22% زیاتر بووە. بەڵام لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، گۆڕان دەنگێكی كز و لاوازە و لەكۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوموەنی نوێنەرانی ساڵی 2014 تەنیا (17.944) دەنگی بەدەستهێناوە كە كەمترە لە 3% دەنگی كورد لەو ناوچانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە