گالەری

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
24 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی گرووپێکی پایسکیلسوار لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە لە کەرکووکەوە بەرەو هەولێر دەرچوون، بەمەبەستی سەردانی تۆڕی میدیایی رووداو. گرووپەکە کاژێر 02:30 پاشنیوەڕۆ و دوای نزیکەی هەشت کاژێر گەیشتنە نووسینگەی سەرەکیی رووداو و لەلایەن دێسکی تەندروستییەوە پێشوازییان لێکرا.
 
سەبارەت بە مەبەستی ئەم کارەیان، ئەندامێکی گرووپەکە بەناوی ئارام عوسمان گوتی، "بۆ پشتیوانیی هەوڵەکانی رووداو و بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس گەشتەکەمان کردووە. کاتێک بەرنامەکەی دکتۆر ئاراسمان بینی، وەکو پشتگیرییەک بۆی سەردانی کەناڵی رووداومان کردووە؛ گوتمان با هەڵوێستێکمان بۆ ئەو بەرنامە جوانە هەبێت."
 
ئەو پایسکیلسوارە کە بە پایسکیلەکەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە کەرکووکە گەیشتووەتە هەولێر دەڵێت، "بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس پارچەیەکە لە ژینگە، ئێمەش ئامانجمان ئەوەیە هانی خەڵک بدەین بۆ هاتووچۆکردن زیاتر پایسکیل بەکاربهێنن."
 
بەرنامەکەی دکتۆر ئاراس
 
هەفتەی کۆتایی مانگی رابردوو، لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگیی پایسکیلسواری و ئاستەنگییەکانی بەردەم بەکارهێنانی تاوتوێ کرا. لە بەرنامەکەدا بەرپرسانی یەکێتی پایسکیلسواری و پزیشکانی پسپۆڕ میوان بوون.
 
قسەی دکتۆر ئاراس بۆ گرووپەکە
 
د. ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری بەرنامەی (د. ئاراس) لە تۆڕی میدیایی رووداو، بە بایەخەوە سەردانی گرووپەکە هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێ، ئامانجی ئەوانیش برەودانە بە پایسکیلسواری.
 
ئاراس برادۆستی دەڵێت، "لە بەرنامەکەدا باسی بایەخ و سوودی پایسکیلسواریمان کرد و داوامان کرد، برەو بە کولتووری پایسکیلسواری بدرێت بۆ ئەوەی سوودی تەندروستی بە خەڵک بگەیێنێت، داواشمان کرد ئاسانکاری بۆ پایسکیلسواری بکرێت".
 
لەبارەی هاتنی گرووپی پایسکیلسواری کەرکووک بۆ رووداو، د.ئاراس گوتی، "هاتنی گرووپەکە لە کەرکووکەوە وەڵامدانەوەیەکی جوانی گرووپەکەیە کە لە شارەکەیانەوە بە پایسکیل دێنە رووداو."
 
پێشکێشکارەکەی رووداو گوتیشی، "هاتنی گرووپی پایسکیلسواری کەرکووک بۆ هەولێر، وەڵامدەرەوەی خەڵکە بۆ بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو."