رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس و گەیاندنی پەیامی پاراستنی ژینگە و تەندروستی، تیمی پایسکیلسواریی کەرکووک بە پایسکیلەکانیان لە کەرکووکەوە گەیشتنە باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر.
نیهاد عوسمان، سەرپەرشتیاری گرووپی پایسکیلسواری، لەبارەی ئامانجی گەشتەکەیانەوە دەڵێت: "لێرەوە بە پایسکیل دەڕۆین بۆ شاری هەولێر ،بۆ بەشداری لەبەرنامەکەی دکتۆر ئاراس لەکەناڵی رووداو، ئامانجمان لەم گەشتانە هاندانی خەڵکە بۆ ئەم وەرزشە".
لە چالاکییەکە دا 33 پایسکیلسوار لە هەردوو رەگەز و بە تەمەنی جیاوازەوە بەشدارن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پەیامی پشتگیریی خۆیان بۆ بەرنامەی تەندروستیی دکتۆر ئاراس بگەیێنن، بۆ ئەوەی خەڵک پایسکیل بۆ هاتووچۆ بەکار بهێنن و چی دیکە دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل.
سۆران محەممەد، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گرووپی پایسکیلسواری، پەیامی تیمەکەی بەو شێوەیە خستە روو: "تیمی کەرکووک بەرەو هەولێری پایتەختی کوردستان دەڕووات،بژی کەرکووک،بژی هەولێر،پەیامەکەیان ئەوەیە بۆیە پایسکیک سواریمان هەڵبژاردووە تا ژینگە پاک رابگرین خەڵک فێری پایسکیل سوار بێت)".
شەهاب ئەحمەد، کە تەمەنی 70 ساڵە و بە تەمەنترین ئەندامی ئەو تیمەیە، باس لەوە دەکات لەوەتەی بە بەرنامە پایسکیلسواری دەکات تەندروستیی باشە و دوورە لە دەرمان. ئەو دەڵێت: "رێنمایی خەڵک دەکەم ئەم وەرزشە بکەن دوور دەبن لەنەخۆشخانە".
هەروەها هیدایەت عەزەددین، ئەندامی گرووپی پایسکیلسواری، لەبارەی سوودی وەرزشەکەوە ئاماژە بەوە دەکات: "وەرزشێکی زۆر زۆر باشە بەتایبەت بۆ بەتەمەنەکان ،من تەمەنم 67ساڵە)".
تیمەکە لە کەرکووک تاوەکو هەولێر زیاتر لە 90 کیلۆمەتر دەبڕن و ناوبەناو بۆ پشوودان چەند خولەکێک دەوەستن، بەڵام خۆیان دەڵێن هێندەش ماندوو نەبوونە. گلێنە حوسێن، ئەندامی گرووپی پایسکیلسواری دەڵێت: "رێگەکەش سەختی تێدابوو،بەڵام زۆر باشبوو،ئەوە نەبێ زۆر ماندوو بوبین".
لە درێژەی گەشتەکەیان دا، تیمەکە سنووری پارێزگای کەرکووکیان تێپەڕاند و لە پردێ ماڵئاواییان لەو ئۆتۆمبێلانەی پۆلیسی هاتووچۆ و فریاکەوتن کرد کە هاوڕێیەتییان دەکردن، پاشان تیمی پۆلیسی هاتووچۆ لە سنووری ئیداریی هەولێر لە پێشوازییان دا بوون.
پایسکیلسوارەکان لە شێراوە تاوەکو بەردەم باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر لە 45 کیلۆمەتری دیکەیان بڕی. گەرچی کەوتنە نێو گەرمای نیوەڕۆوە، بەڵام بە هەمان وزەی پێشترەوە گەیشتنە رووداو، لەوێش دکتۆر ئاراس و کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو بە چەپکێک گوڵ پێشوازییان لێ کردن.
دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکەشکاری رووداو، سەبارەت بە سەردانەکەیان گوتی: "هاتنیان پەیامێکی زۆر جوانە بۆ خەڵکی ئێمە ،هەم هاتنیان لەکەرکووکەوە،بەستنەوەی کەرکووک بە هەولێرەوە، وە بەستنەوەی هەولێر بە کەرکووک،هەم گەیاندنی ئەو جوانە بە خەڵک کە پایسکیل سواری و کلتوری پایسکیل سواری خزمەتی تەندرووستی و ژینگە دەکات،خزمەتی جوانی شار و مۆدێرنی شار دەکات".
تیمی پایسکیلسواریی کەرکووک لە 110 ئەندام پێکدێن، لە ساڵی 2013ـەوە دامەزراون، بەڵام لە ساڵی 2023 بە فەرمی بوونە ئەندامی یەکێتیی پایسکیلسواریی عێراق. زۆرینەی ئەندامەکانیان کوردن، بەڵام پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانیشیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ