رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای قۆسەری سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی شەڕێکی خێزانی باوکێک و کچەکەی کوژران.
رووداوەکە شەوی 7ـی ئابی 2025، لە گوندی قەرەبەندی سەر بە قەزای قۆسەر لە مێردینی باکووری کوردستان روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، دوو بنەماڵە کە خزمی یەکدین بووەتە دەمەقاڵەیان، دواتر دەمەقاڵە سەری کێشاوە بۆ شەڕەتەقە.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا، کەسێک بەناوی (م. ب) تەمەن 60 ساڵ و کچەکەی بەناوی (گ. ب) تەمەن 42 ساڵ، گوللەیان بەرکەوتووە و هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لە دەستداوە.
دوای بیستنی دەنگی تەقە، گوندنشینان جەندرمە و تیمە فریاگوزارییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە. تیمەکانی تەندروستی دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە، رایانگەیاند، باوک و کچەکە هەر لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
تەرمی قوربانییەکان بۆ توێکاریی پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی مێردین کران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قۆسەر، هۆکاری سەرەکیی کوژرانی باوک و کچەکەی رانەگەیاندووە، هاوکات ناسنامەی بکوژ یان بکوژەکانیشی ئاشکرا نەکردووە. رایگەیاندووە، تیمێکیان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پار 3 هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەک کراون کە تێیاندا دوو هەزار و 318 کەس کوژراون و 3 هەزار و 820 کەسی دیکە برینداربوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ