فڕۆکە گوندێکی سنووری چەمچەماڵ بۆردوومان دەکات؛ کوژراو و بریندار هەن

08-10-2021
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی ئامانجێکی لە گوندی سەیدانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کرد و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتەوە، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵیش رایگەیاند، کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش بریندارن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فڕۆکەکان ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج کە دەگوترێت، گەریلای پەکەکەی تێدابوون.
 
ئەم هەفتەیە تورکیا ئەو گوندەی بۆردوومان کرد، بۆیە گومان دەکرێت فڕۆکەی تورکیا بن. سەرچاوەیەکی ئەمنیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکەکان فڕۆکەی تورکیا بوونە، بۆردوومانەکە لە کاژێر 17:00 بووە. فڕۆکەکانیش بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.
 
شەریف رەحیم، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ لەبارەی ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو کەسەی کوژراوە ئافرەتە و دوو بریندارەکەش لە رەگەزی نێرن، "بەهۆی شێواویی تەرمەکە، ناتوانین تەمەنی کوژراوەکە دیاری بکەین، دوو بریندارەکەش لەنێوان 25 بۆ 35 ساڵدان."
 
تەرمی کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و دوو بریندارەکە لە چەمچەماڵ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. 
 
لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە جاری دووەمە فڕۆکە سنووری ئەو گوندە بۆردوومان دەکات. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ئامادەنەبوو لێدوان لەبارەی رووداوەکە بدات. هاوکات میدیای نزیک لە دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا کراونەتە ئامانج، پەکەکە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک حاجی لەکاتی تەوافکردندا . وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

تاوەکو ئێستا 850 حاجیی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە سعودیە

بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، تاوەکو ئێستا 850 حاجی بە سەلامەتی گەیشتوونەتە خاکی سعودیە. باسی لەوەشکرد: "ئەمشەو 150 حاجی دیکەی پاریزگای دهۆکیش دەگەن".