عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بۆ هاوتاکردنی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی لەگەڵ عێراق کۆدەبینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێستا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر لیستی مووچە نەماوە و دەڵێت، "ئەگەر گرفتێک هەبێت، ئاراستەکە سیاسییە."
 
رۆژی شەممە، 08-11-2025، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان-عێراقە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە پرسی مووچە، هاوتاکردنی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی کرد.
 
کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە
 
سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود رایگەیاند، "سەرەتا هەندێک کێشەی تەکنیکی هەبوو، چونکە شێوازی رێکخستنی لیستی مووچەی وەزارەتەکانی ئێمە و سیستمی وەزارەتی دارایی عێراق جیاواز بوو، بەڵام کاتی ویست تاوەکو رێکمانخست. ئێستا هەمووی رێکخراوە و هیچ کێشەیەک لەلایەن وەزارەتەکان و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە."
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان هەموو ئەو داواکارییانەی جێبەجێ کردووە، کە حکومەتی عێراق داوای کردبوون، "هەندێکیشی زۆر قورس بوو لەسەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار لەپێناو ناردنی مووچەی خەڵک و هاووڵاتییان، هەموویمان پەسەند کرد." گوتیشی، "ئەگەر ئێستا گرفتێک هەبێت، ئاراستەکە سیاسییە."
 
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی ئەو مانگانەی کە دابەش نەکراون، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گوتی، "لیست و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئەو مانگانەی مووچە وەرنەگیراوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە."
 
هاوتاکردنی مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، لەبارەی هەوڵەکان بۆ هاوتاکردنی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق رایگەیاند، بڕیار بوو وەفدێکی دامەزراوەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە سەردانەکە بۆ دوای هەڵبژاردن دواخرا.
 
وەزیری شەهیدان گوتیشی، "ئێمە خۆمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێت لەسەر هاوتاکردنی لیستی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی. ئەو مینحەیەی ئەوان وەریدەگرن رێژەکەی بەرزترە لەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئێمە دەمانەوێت میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش وەک ئەوەی عێراق بێت."
 
روونیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار زیندانیی سیاسی هەن و بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011، بۆ ماوەی 10 ساڵ مینحە وەردەگرن، بەڵام لە عێراق ماوەکە زیاترە. گوتی، "دەمانەوێت رێکارێک بدۆزینەوە، ئەوانەش کە مینحەیان وەرگرتووە و ماوەکەیان تەواو بووە، سوودمەند بن لەو جیاوازییەی کە لەگەڵ عێراق هەیە."
 
بۆچی حیزبەکەی بەشداریی هەڵبژاردنی نەکرد؟
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، کە هاوکات رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان-عێراقە، هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرا کرد و گوتی، "ئێمە دوای جیابوونەوەمان [لە بزووتنەوەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان]، بە رەسمی مۆڵەتمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام پێڕانەگەیشتین مۆڵەتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەربگرین."
 
روونیکردەوە، "لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەت بە حیزبە سیاسییەکان دەدات، بەڵام لە عێراق کۆمیسیۆن ئەو کارە دەکات. ئێمە هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر، بەڵام هەڵبژاردنەکەی بەسەرهات و نەمانتوانی وەک قەوارەیەکی سیاسی بەشداری بکەین."
 
سەبارەت بە هەڵوێستیان لە هەڵبژاردنەکەدا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان-عێراق گوتی، "کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیارمان داوە دۆست و لایەنگرانمان بەشداری لە دەنگدان بکەن و لە سنووری پارێزگاکان سەرپشکمان کردوون لە دەنگدان بەو کاندیدەی کە لایان پەسەندە، بەبێ گوێدانە لیستەکەی."
 
پەیامێک بۆ دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییەکان
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، پێشبینیی خۆی بۆ دۆخی دوای هەڵبژاردن خستەڕوو و گوتی، "بە بۆچوونی من، رەوشی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق زۆر ئاڵۆزە. پێدەچێت دوای هەڵبژاردن بە ئاسانی پەسەندی ئەنجامەکان نەکرێت."
 
لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی دەنگدەرانی کورد کرد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و گوتی، "تەمەننا دەکەم خەڵکی کوردستان بەجیدی بەشداری بکەن لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین. داوا لە لایەنگرانی خۆشمان دەکەم پشتیوانیی ئەو لیستانە بکەن، کە 100% دڵنیان دەردەچن، چونکە ئەگەر لیستێک سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت، دەنگەکان دەسووتێن و رێژەی کورسییەکانی بەرامبەر زیاد دەکات."