رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، سینەم محەممەد رایگەیاند کە سیستمی ناوەندی لە سووریا سەرناکەوێت و دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی.
سینەم محەممەد لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی دەکەن بۆ سووریا.'' ئامانجی کورد لە سووریاش دیاری دەکات و دەڵێت: "بە هاوبەشی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان سووریا بنیات بنێنەوە و هیواکانی گەلی سووریا بەدی بهێنرێن.''
بەرپرسەکەی مەسەدە هۆشداری دا لەوەی پێداگیری لەسەر سیستمی ناوەندی بۆ سووریا، وڵات بەرەو کارەسات دەبات: "ئەم سیستمەی ئێستا بەڕێوەناچێت، سەرناکەوێت. شەڕێکی نێوخۆیی لێ دەکەوێتەوە، سیستمی ناناوەندی بنەمایە و تەنیا ئەوە دەتوانێت ئارامی و چارەسەر بۆ وڵات بهێنێت."
"ئەمریكا دژی ئۆتۆنۆمی نییە، دەڵێن مافی هەسەدەیە"
سینەم محەممەد باسی چەند دیدارێکی دەکات لە واشنتن و رایگەیاند: "دیداری لەگەڵ چەندین ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریكا هەبووە و ئەوان پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گەلی کورد نیشان دا، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانی لە هەسەدە و گەلی کورد دەکەن. ئەوان دەڵێن هەسەدە شەڕێکی گەورەی دژی تیرۆر کردووە، بۆیە مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی ستاتۆیەکی ئۆتۆنۆمی یان ناناوەندی."
راشیگەیاند: "زۆربەیان پشتیوانی لە سیستمی ناناوەندی دەکەن و تەنانەت هەندێکیان دەڵێن سیستمی 'فیدراڵی' باشترین چارەسەرە بۆ سووریا. ئەمریكا دژی ئۆتۆنۆمی نییە."
رەخنە لە حکومەتی "یەکڕەنگ"
سینەم محەممەد هەروەها باسی دۆخی ئەمدواییەی سووریا دەکات و رەخنەی لەو کردەوانە گرت کە بەرامبەر پێکهاتەکان دەکرێن: "ئەو شتانەی روویاندا، لە ئاستی چاوەڕوانیی گەلی کورد و پێکهاتەکانی سووریادا نەبوون، بەداخەوە حکومەتێکی 'یەکڕەنگ' هاتە ئاراوە و هێرش کرایە سەر عەلەوی، دروزی و کریستیانەکان."
لەبارەی هەڵوێستی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیش دەڵێت:" ئێمە وەک مەسەدە، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەین هاوکاری حکومەتی راگوزەر بین تاوەکو سووریا بەرەو ئارامی و ئاشتی ببەین."
لەبارەی رێککەوتنی 10ی ئادار لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، سینەم محەممەد دەڵێت: "ئەو رێککەوتنە هێشتا لە ئارادایە و بۆ رێگریکردن لە شەڕی نێوخۆیی گرنگییەکی زۆری هەیە."
سینەم پێیوایە، هێشتا دەرفەت بۆ دیالۆگی نیشتمانی ماوە، "بەڵام دەبێت سەرەتا هێرشەکانی سەر پێکهاتەکانی وەکو کریستیان، درووزی و عەلەوییەکان رابگیرێن و حکومەتی دیمەشق سیاسەتی خۆی بگۆڕێت."
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن
رووداو: پەیامی ئێوە چییە دوای ساڵێک لە رووخانی رژێمی ئەسەد؟
سینەم محەممەد: ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد و حیزبی بەعسدا تێدەپەڕێت، نزیکەی پەنجا ساڵ گەلی سووریا بەگشتی هەموو ئازاریان کێشا، هەروەها کورد بەتایبەتی زۆر زەحمەتییان کێشا لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، ئێمە کەوتووینەتە قۆناخێکی دیکەوە، ئێستا هەنگاوێکی نوێمان ناوە، بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ، پیرۆزبایی لە هەموو گەلانی سووریا دەکەم، بەتایبەتیش گەلی کورد کە ئەمڕۆ ئێمە بە قۆناخێکی نوێدا تێدەپەڕین. ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی نوێ بونیات بنێین، بەیەکەوە، بە هاوبەشی. کوردە، عەرەب، سریان، ئەرمەن، سوننە، عەلەوی، ئێمە دەبێت ئێستا بەیەکەوە بە هاوبەشی کار بکەین .
تا ئێستا زۆر شت تێپەڕین لە ماوەی ئەو ساڵەدا، بەداخەوە بەگوێرەی هیوای گەلی سووریا نەبوون، بەگوێرەی هیوای گەلی کورد نەبوو، ئەو شتانەی تێپەڕین ئێمە لە خەیاڵی خۆماندا دەمانگوت تەواو رژێمی ئەسەد و بەعس هەڵوەشایەوە، ئێستا ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد، بە شێوەیەکی شکۆمەندانە، هەموو سووریاییەکان بە ئازادی دەژین، بەڵام حکومەتێکی یەکڕەنگ دەرکەوت بەداخەوە،حکومەتێکی هاوبەش دروست نەکرا. گوشارێک لەسەر گەلان دروستبوو، لەسەر گەلی عەلەوی، لەسەر گەلی دروز، هەروەها لەسەر کریستیانەکانیش ئێمە بینیمان چۆن گوشار لەسەر کەنیسەکانیشیان دروستبوو. واتە گەلی سووریا دەتوانین بڵێین زۆربەیان ئاسوودە نین لەوەی روودەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو مەسەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها وەکو خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات، ئامادەین هاوکاری ئەو حکومەتەی ئێستا بین بگەینە قۆناخێک چۆن سووریا بەرەو ئارامی و ئاشتی ببەین، ئێمە نامانەوێت سووریا بەرەو شەڕێک بڕوات.
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن، سینەم محەممەد رایگەیاند کە سیستمی ناوەندی لە سووریا سەرناکەوێت و دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی.
سینەم محەممەد: بێگومان هەیە، رێککەوتنی 10ی ئادار هەیە هێشتا بەردەوامە... کۆتایی نەهاتووە، رێککەوتنی ئادار هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی گەلی سووریا بەگشتی، بۆ ئەوەی شەڕێکی نێوخۆیی روونەدات، ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێمە. ئێمە دەبینین ئێستا دەرفەتێک هەیە، هەتا ئیرادەی گەلی سووریا هەبێت، دەرفەت هەیە، هەموو گەلی سووریا و پێکهاتەکانی کۆببنەوە، دیالۆگێکی نیشتمانی بکرێت. بەڵام هەندێك شت کراون لەوانە کوشتنی سوورییەکان،بۆ نموونە دروزەکان یان لە عەلەوییەکان... ئەوانە خەڵکی تووشی ترس کردووە، تا ئێستاش بەردەوامە، دەبێت دۆخەکە هێور بکرێتەوە، گفتوگۆیەکی نیشتمانی بکەین بۆ هەموو گەلانی سووریا، نەک تەنیا لە مەسەدە و حکومەت، لەگەڵ عەلەوییەکان، دروزەکان، لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا، دیالۆگێک لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی، نەک وەک ئەو دیالۆگەی کردیان، لە نێوان دوو رۆژدا و کەسی تێدا نەبوو، نە بانگهێشتکردن بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەبوو، نە بۆ عەلەوییەکان هەبوو، نە بۆ دروزەکانیش، ئەمە شتێکە راست نییە، بە بۆچوونی ئێمە ئەو سیاسەتەی ئێستا حکومەتی شام پەیڕەوی دەکات دەبێ بگۆڕێت، بەم سیاسەتە وڵات بەڕێوەناچێت، قەت سووریایەکی ئارام، سەقامگیری و ئاشتی بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت.
رووداو: پێش دوو رۆژ، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە وەڵامی پرسیاری رووداودا دژی دەسەڵاتی ناناوەندی قسەی کرد،ئێوە چۆن وەڵامی ئەو هەڵوێستە دەدەنەوە، ئایا ئەوە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکایە؟
سینەم محەممەد: بەڵێ راستە، ئێستا باڵیۆز تۆم باراک واتە هەموو جارێک لێدوانێک دەدات بەگوێرەی ئەو دۆخەی تێیدایە یان ئەو شوێنەی تێیدایە، ئەو بەراوردی عێراقی کرد، ئەو شتانەی لە عێراق روویاندا گوتی ئەو ناناوەندییە سەری نەگرت هەتا ئێستا لە عێراق هێشتا دۆخەکە ئارام نییە، سووریا بەراورد دەکات لەگەڵ عێراق.
ئێمە پێمانوایە نەخێر، ئەمە شتێکی راست نییە. ناناوەندی بنەمایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی گەڕانەوەیدا دیسان لێدوانێکی دیکەی هەیە بۆی، دەڵێت وەکو ناناوەندی یان "لۆکاڵ کاونسڵ" یان ئەنجوومەنە خۆجێییەکان هەن، هەموو پێکهاتەکانی ئەو هەرێمە دەبێت خۆیان بڕیار بدەن، ئێمە دەمانەوێت وەکو "ئۆتۆنۆمی" (خۆسەری) بۆ خۆمان دروست بکەین، ئەوان دژی ئەوە نین.
بە بۆچوونی ئێمە داهاتووی سووریا ناناوەندییە، بەم شێوازەی ئێستا سووریا بەڕێوە ناچێت، عەلەوی متمانەی نییە، درووز هەندێک ترسیان هەیە، ئەوانیش دەیانەوێت "سەربەخۆ" بن، دەتوانین بڵێین هەتا سوننەش، سوننە موسڵمانەکانی شام، بەڵێ ئاسوودە نین. بەوەش سیستەمێکی ناوەندی ئێستا لەم قۆناخەدا لە سووریا بڕوات بەڕێوە، ناڕوات. سەر ناکەوێت. بۆچی؟ چونکە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی نێوخۆیی، دەبێتە هۆی ئەوەی ئارامی نەبێ، بۆیە ئێمە دەڵێین ناناوەندی بنەمایە و ئویش چارەسەرە بۆ هەموو سووریا.
رووداو: ئێوە خۆتان دیدارتان هەیە لەگەڵ کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا، ئەوان دڵنیایی دەدەن مافی گەلی کورد لە سووریا پارێزراو بێ ؟
سینەم محەممەد: راستە زۆر هاوڕێمان لە ئەندامانی کۆنگرێس هەن، هەموویان پشتیوانیی گەلی کورد دەکەن، و پشتیوانیی هەسەدە دەکەن، دەڵێن هەسەدە شەڕی دژی تیرۆر کرد، مافی خۆیانە ئەوانیش ئۆتۆنۆمیان هەبێ، لەشێوەیەک بێ کە ناناوەندی بێ، ناناوەندی هەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە شوێنی خۆی وەکو ئێستا. خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات هەیە و بەڕێوە دەچێت، هیچ جارێک شەڕێک رووینەداوە لە نێوان پێکهاتەکان کە ئێستا لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتدا دەژین. ملیۆن مرۆڤ دەژین؛ سریانن، عەرەبن، کوردن، ئەرمەنن. ئەمانە بەیەکەوە دەژین، هیچ جارێک شەڕێک لە نێوانیاندا نەقەوماوە 10ساڵە بەمشێوەیەیە.
رووداو: واتە نەک لەرووی سەربازییەوە، بەڵکو لەرووی سیاسیشەوە پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەن؟
سینەم محەممەد: پشتیوانیی سیستەمێکی ناناوەندی دەکەن تەنانەت هەندێکیان، واتە هەندێک ئەندامی کۆنگرێس، دەڵێن فیدراڵی بۆ سووریا زۆر باشە، دەبێ ئەوە دروست بکرێت. واتە ئەوەی ئێمە دەیبینین ئێستا ئەندامانی کۆنگرێس هەموو دەڵێن سیستەمێکی ناناوەندی بۆ سووریا گرنگە و دەتوانێت ئارامی و ئاشتی بۆ هەموو گەلی سووریا بهێنێت،ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ