فەرماندەیەکی هەسەدە رەتیدەکاتەوە سوپای تورکیا لە چەند قۆڵێکەوە چووبێتە نێو منبج
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە "چوونەژوورەوەی سوپای تورکیا لە سێ قۆڵەوە بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان" دەکەن و دەڵێت، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵە و هێزەکانیان ئەرکی ئاسایی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا جێبەجێ دەکەن.
ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، بە نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەم ساتە، هیچ پێشهاتێکی مەیدانیی مەترسیدار نییە، نە هاتنەناوەوەی راستەوخۆی هێزەکانی تورکیا بۆ منبج و نە هێزی پشتیوانیی نائاسایی لە دێرەزوور یان سەرێکانی."
ئەبو عومەر ئیدلبی ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و هێزەکان ئەرکی ئاسایی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، حکومەتی سووریا دەستی بە ناردنی هێزی پشتیوانیی سەربازیی نوێ بۆ سنووری دێرەزوور کردووە و سوپای تورکیاش هێزی بۆ عەفرین، سەرێ کانی و منبج ناردووە.
ئەبو عومەر ئیدلیبی سەبارەت بەو دەنگۆیانە بە رووداوی گوت: "زۆر لەوانەی بڵاو دەکرێنەوە دەچنە چوارچێوەی شەڕی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ. جەخت دەکەینەوە کە دۆخی مەیدانی ئەو گەورەکردنە نیشان نادات".
ئەبو عومەر ئیدلبی گوتی: "داوا لە کەسوکارمان دەکەین کە دوای پڕوپاگەندە و دەنگۆ نەکەون، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە وەربگرن. ئاسایشی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانمانە و هیچ بڕیارێکی سەربازی یان ئاڵۆزکردن لە ئارادا نییە".