لە کوردستان داوای کردنەوەی دیسکۆ دەکرێ

09-02-2015
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن دیسکۆ ، یانەی شەوانە
A+ A-

 رووداو – سلێمانى

بەرپرسێکى گەشتوگوزار لە شارى سلێمانى دەڵێت ماوەى ساڵێکە هیچ یانەیەکى شەوانە لەو شارەدا نەماوە، بەڵام ئێستا داواکارى هەیە بۆ کردنەوەى دیسکۆ لە رێستورانت و شوێنە گەشتیاریەکان، بەڵام شارەزایانى بوارى گەشتوگوزار "کەلتور و دابونەریت" بەهۆکارى سەرنەکەوتنى ئەو پڕۆژانە دادەنێن.

ساڵانى رابردوو کاتێک هاووڵاتیان شەوانە روویان بکردایەتە ناوچەکانى (سەرچنار و قلیاسان)ى شارى سلێمانى، چەندین رێستۆرانتیان دەدیت کە ئاهەنگى شەوانەیان تێدا ساز دەکرا، بەڵام بەبڕیارى پارێزگارى پێشووى سلێمانى ئەو شوێنانە داخران.


5 ئەستێرەن و یانەى شەوانەیان نییە

لە ساڵى 2012دا یەکەمین میوانخانەى براند لە شارى سلێمانى کرایەوە، ئێستا 6 میوانخانەى 5 ئەستێرەیى و 9ى چوار ئەستێرەیى هەن، بەڵام هیچیان یانەى شەوانە و دیسکۆیان تێدا نییە.

یاسین فەقێ سەعید، بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى سلێمانى بە (رووداو)ى گوت "لە هیچ میوانخانەیەکى ناو شارى سلێمانیدا دیسکۆ و یانەى شەوانە نییە، چونکە خاوەنى ئوتێلەکان پێیان باش نییە بیکەنەوە".

کۆمەڵەى میوانخانە، چێشتخانەکان و دەستەى گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى سلێمانى، چەند پێشنیارێکیان بەرزکردووەتەوە بۆ وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار بە مەبەستى دانانى رێنمایى و مەرج و شێوازەکانى مۆڵەتدان بە چالاکییە گەشتیارییە مۆدێرنەکانى وەک (دیسکۆ، سەماگە، گازینۆ، ئاهەنگى گۆرانى و موزیک، سەنتەرى مەساج و یانەى شەوانە).

یاسین فەقێ سەعید گوتی کە بەمەبەستى بوژاندنەوەى سێکتەرى گەشتیارى و یارمەتیدانى خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ئابوورییە، ئەو پێشنیازانە کراون بۆئەوەی بەپێى رێنمایى تایبەت رێگە بدرێت بەسەرجەم رێستۆرانت و ئوتێلەکان ئاهەنگى گۆرانى و موزیک و سەماگە و دیسکۆ، سەنتەرى مەساج، رەشاقە و وەرزشیان هەبێت.

توانا محەممەد، بەڕێوەبەرى یەکێک لە میوانخانەکان دەڵێ لەلایەن گەشتوگوزارەوە کردنەوەى دیسکۆ و یانەى شەوانە نەکراوەتە مەرج بۆیان "خۆشمان مەیلمان بۆ کردنەوەى نەبووە، بەڵکو تەنیا خواردن و خواردنەوەمان هەیە، لەگەڵ مەساج کە ئەویش بۆ پیاوان و ئافرەتان جیایە".


یانەکانى شەوان بۆچى داخران

ساڵانى رابردووو هەندێک لە رێستورانتەکانى سەرچنار و قلیاسان یانەی شەوانەیان هەبوو کە ئافرەت کاریان تێدا دەکردن، بەڵام دواتر بەهۆى دروستبوونى چەندین حاڵەتى شەڕ و ئاژاوە، لەلایەن لیژنەى ئەمنی سلێمانییەوە داخران.

یاسین فەقێ سەعید، باسى ئەو رێستۆرانتانە و شوێنى خواردن و خواردنەوانەى کرد کە لەو ناوچانەدا هەبوون و گوتى "بەهۆى زۆریی ژمارەى گەشتیارى عەرەب و ئێرانى، پێشنیازیان کرد جگە لەخواردن و خواردنەوە، گۆرانیبێژ بهێنن و لەسەر شانۆش سەماکردن هەبێت، ئێمەش بەو مەرجە رێگەمان پێدان کە سەماکەرەکان لەسەر شانۆ نەیەنە خوارەوە و تێکەڵ بە میوانەکان نەبن، بەڵام زۆربەى شوێنەکان سەرپێچییان کرد و دواتر لیژنەى ئەمنى کارکردنى ئافرەتى عەرەب و بیانیى تێیاندا قەدەغەکرد".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى هۆى داخستنى یانە شەوانەکانى بۆ(رووداو) باسکرد و گوتی "شەڕ و ئاژاوەیان زۆر تێدا دەبوو، بۆیە داخران".


مەساج بەمەرج

ساڵانى پێشتر جگە لە میوانخانەکان، لە چەندین شوێنى دیکە سەنتەرى مەساجکردن هەبوو، بەڵام بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى سلێمانى روونیکردەوە کە بەپێى رێنمایى دەستەى گەشتوگوزار ئێستا تەنیا لەناو میوانخانەکاندا رێگە بە کردنەوەى سەنتەرى مەساج دەدرێت "بەتایبەتى لە میوانخانە 4 و 5 ئەستێرەکاندا ئازادن لە کردنەوەى ئەم سەنتەرانە بەبێ مۆڵەتى گەشتوگوزار".

دیسکۆ جێگاى نابێتەوە

زۆر لە پسپۆڕانى بوارى گەشتیارى دەڵێن ئەگەر شوێنى تایبەت بۆ دیسکۆ یاخود یانەى شەوانە بکرێتەوە کۆمەڵگە رێگە نادات.

د.یونس عەلى، سەرۆکى بەشى گەشتوگوزار لەزانکۆى سلێمانى دەڵێت کە داواکاری بۆ کردنەوەى دیسکۆ هەبووە و خەڵک هەیە دەیەوێت شوێنێک هەبێت کاتی تێدا بەسەرببات، بەڵام گوتی لە کۆمەڵگەى کوردستاندا کەلتور رێگە بەوە نادات. ئەو گوتیشى "تاوەکو ئێستا خەڵک لە ماناى گەشتیاری بەباشى تێنەگەیشتوون، جگە لەوەش ئەگەر یانەى شەوانە و دیسکۆ بکرێنەوە، بێگومان گرفتى کۆمەڵایەتی دروست دەبن".

بەڵام سەرەڕاى هەموو ئاستەنگەکانیش د.یونس دەڵێت "دەکرێت خەڵک لەوە تێبگەن ئەگەر شوێنێک دیسکۆ یاخود یانەى شەوانەی هەبێت و رێکخراو بێت، باشترە لەوەى هەمان شوێن هەبێت و رووداوى ناخۆشى تێدا رووبدات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە