رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئیدارەی کەرکووک رایدەگەیێنێت، کارەکانی دروستکردنی شەڵتەری سەگ لە کەرکووک تەواو بووە و بەمنزیکانە بە فەرمی دەکرێتەوە.
خەبات ئەسعەد، راوێژکاری راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەکانی دروستکردنی شەڵتەری سەگی بێلانە لە کەرکووک تەواو بووە و بڕیارە بەم نزیکانە بە فەرمی بکرێتەوە.
پرۆژەکە دەکەوێتە سەر رێگەی لەیلان لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی دروستکراوە و تێچووەکەی 250 ملیۆن دینارە
خەبات ئەسعەد دەڵێت، میکانیزمێک دادەنرێت بۆ گرتن و گواستنەوەی سەگەکان و کۆکردنەوەیان لەم شەڵتەرە. هەندێک کەسی خۆبەخشیش، سندوقی تایبەتیان دروستکردووە لە گەڕەکەکان دایدەنێن و خواردنی لە نێو دادەنێن، بۆ ئەوەی سەگە بێلانەکان بچنە نێوی، تاوەکو بیانبەنە شەڵتەرەکە، دواتر سەگەکان نەزۆک دەکرێن.
پێشتر لە 23-11-2023 فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیی پرۆژەکە بە هاوبەشی دەبێت لە نێوان ئیدارەی پارێزگاری کەرکووک، قایمقامیەتی کەرکووک، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری، تەندروستی، شارەوانیی و پۆلیس.
لە هەولێر شێڵتەری سەگی بێلانە لەلایەن پارێزگای هەولێر بە بڕی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە. دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ. رۆژی 08-07-2023 وەک یەکەم شوێن، لە گەڕەکی ژینی دارەتوو لە هەولێر، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ