مشتومڕی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ى بارزانى له‌نێوان یاسایی ‌و نایاسایی بووندا

09-04-2013
سەهین موفتی
نیشانەکردن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو- ھەولێر

خۆکاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە نێوان یاسایی بوون و نایاسایی بووندا مشتوومڕ دروست دەکات.

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتەیەکی سیاسی، ئیداری و یاساییە، بەپێی ماددەکانی (یەکەم ودووەم و سێیەم) لەیاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ ی ھەموارکراو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لەھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پێشمەرگەی ‌ھەرێمی کوردستانە، سەرۆکی ھەرێم بەدەنگدانی گشتیی نھێنی راستەوخۆ بۆماوەی چوار ساڵ لە لایەن ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەڵدەبژێردرێت و دەشێ بۆ جاری دووەم ھەڵبژێردرێتەوە.

کاردۆ محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (رووداو) گوتی: "بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بارزانی ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ ئەو پۆستە"

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەگەر بڕیار بێت خۆی ھەڵبژێرێتەوە، ئەوا پێویستە ئەو یاسایە بگەرێتەوە پەرلەمانی کوردستان و جارێکی دیکە ھەموار بکرێتەوە .

گوتیشی: "بۆیه‌ یاسایی نییە مه‌سعود بارزانی بۆ جاری سێھەم ببێتەوە بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان".

بە پێچەوانەوە شارەزایه‌کی یاسایی بۆ (رووداو) دەڵێت "بارزانی جارێکی دیکە دەتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە".
عوسمان عەلی وەیسی، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای دەستووریی بۆ (رووداو) گوتی "سەرۆکایەتیکردنی بۆ دوو خولەکە بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی ساڵانی رابردوو و رێککەوتنامەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێویستییەتی بارزانی بۆ ئەو پۆستە وای کردووە کە جارێک لە لایەن پەرلەمانەوە و جارێکی دیکەش بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لەلایەن خەڵکەوە بە شێوەی راستەوخۆ ھەڵبژێردرێته‌وه‌".

روونیكرده‌وه‌: "بۆیە ھەر بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کە لەساڵى ٢٠٠٥-ەوە دەرچووە، بارزانی تەنھا یەک جار لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراوە و ھەر بە پێی مادەکانی یاساکە ھاوڵاتییان جارێکی دیکە دەتوانن متمانەی پێبدەنەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا ".

لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەپێی بڕگەی یەک لە مادەی (١٠) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ ی ھەموارکراو، دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو یاسایانەی ھەیە، کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی دەکات لە ماوەی (١٥) رۆژ لە بەرواری وەرگرتنی لە دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم، ھەروەھا لەم ماوەیەشدا بۆی ھەیە تانە لە کۆی یان بەشێکی بدات و رەوانەی پەرلەمانی بکاتەوە تاکو چاوی پێدا بخشێنێتەوە.

مەسعودبارزانی لە ١٢ی حوزەیرانی ساڵى ٢٠٠٥ وەکو یەکەمین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق.

لە ھەڵبژاردنی رۆژی (٢٥-7 -٢٠٠٩) رێژەی نزیکەی (٧٠%)ی دەنگەکانی بەدەستھێنا و بەشێوەیەکی راستەخۆ لەلایەن هاوڵاتییانى هه‌رێمی کوردستانەوە بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرایەوە و لە رۆژی (٢٠-٠٨-٢٠٠٩) لە بەرامبەر پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە