رووداو-هەولێر
کامەرانی سەید مەجید برای دلێری سەید مەجید لە تەمەنی 61 ساڵیدا بەهۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی کامەران سەید مەجید رایانگەیاند: "هەزار حەیف و مەخابن کاژێر 11:00ی بەیانی ئەمڕۆ 9-4-2020، لە نەخۆشخانەی "رۆیاڵ برۆمتۆن" لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دڵە گەورە و میهرەبان و پڕ لە ئاواتەکانی لە لێدان کەوت و بەیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین".
هەروەها دلێر سەید مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لەپەیامێكیدا، رایگەیاند: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی برای ئازیزمان كاكە كامەران سەید مەجید رادەگەیەنین كە بەكارەساتێكی دڵتەزێن لە هەندەران كۆچی دوایی كرد"
دلێر سەید مەجید ئاماژە بەوە دەکات کە "بەهۆی ئەم بارودۆخە نەخوارزاوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا له كوردستان و سەرجەم جیهان، به مەبەستی پاراستنی تەندروستی هەموو لایەك هیچ پرسە و رێوڕەسمێك بۆ كۆچی كاكە كامەران دانانرێت".
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەکەی دەکات و رایدەگەیێنن: "بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و پابەندبوون بەڕێکارەکانی خۆپارێزی، بنەماڵە بەڕێزەکەیان مەراسیمی پرسە دانانێن و سوپاسی پەرۆشی و هاوخەمی هەموولایەک دەکەن".
کامەران سەید مەجید برای کۆچکردوو کەمال، دلێر، ئەدهەم، جەزا، کاوە و، دڵنیایی سەید مەجیدە، هاوژینی ئەڵوەن عومەر و باوکی ئاران و ئارێزە. لەساڵی 1959 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.



.jpg&w=3840&q=75)
