یەکێتی مامۆستایان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن لە هۆڵەکان دەکات؛ پەروەردە و خوێندنی باڵا چی دەڵێن؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی مامۆستایان دۆخەکە بە "لەبار" دەزانێت بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەکان. دوو بەرپرسی وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو پۆلەکان نەداوە.
 
لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. 29ـی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێت و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، عەبدولواحید ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتاش جەختمان کردووەتەوە، کە خوێندنی نێو پۆل باشترین بژارەیە و بۆ ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ئێستا کە دۆخەکە هێور بووتەوە و ئاگربەست راگەیێندراوە، پێمانباشە خوێندن بە ئامادەبوون لە پۆلەکان دەستپێبکاتەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی دۆخەکە دەکات و پێدەچێت تاوەکو یەکشەممە بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن. دوو بەپرس لە وەزارەتەکە  ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداویان راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک  نییە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ناو پۆل".
 
لەبارەی خوێندنی باڵاشەوە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ بڕیار لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی بەشێوەی ئامادەبوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان نەدراوە".
 
دوێنێ چوارشەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند بۆ ماوەی دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیستەمی سۆلار

لە سلێمانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە گەیشتە 85 مێگاوات

دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر (سۆلار) لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووی لە زیادبوون کردووە؛ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 85 مێگاوات و زیاتر لە سێ هەزار هاوبەشیش سیستمەکەیان داناوە.