سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ بۆ رووداو: پێویستمان بە بودجەیەکی گەورەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
ئەڵماز رۆمی میوانی دلبخوین دارایە.
ئەڵماز رۆمی میوانی دلبخوین دارایە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی سووریاوە وەکو سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستنیشانکرا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەڵماز رۆمی لە پۆستەکەی دەستبەکار بوو.
 
ئەڵماز رۆمی خەڵکی گوندی هەلەنجە لە کۆبانێ و پێشتر هاوسەرۆکی دەستەی ژینگە بووە لە کانتۆنی فوراتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامی چەند پرسیارێکی دلبخوین دارای دایەوە و گوتی: " ئێمە پرۆژە و پلانی خۆمان دەبێت و ئەوانەشی هاوکارانمان پێش ئێمە کردوویانە هەوڵدەدەین تەواویان بکەین، چونکە بەڕاستی گەلی کۆبانی شایستەن و هەرچییان بۆ بکەین کەمە."
 
لەبارەی کاری لەپێشینەی بۆ کۆبانێ، ئەڵماز رۆمی ئاماژەی بەوەکرد، "یەکەم کار دەبێ ئێمە گوێ لە گەلەکەمان بگرین و بزانین چییان دەوێت و پێویستیان بە چییە، ناکرێ ئێمە تەنیا وەکو ئەوەی خۆمان و کۆمیتەکەمان دەیەوێ کاربکەین، پێش هەموو شت بۆچوونی گەل پێویستە."
 
باسی داخوازییەکانی خەڵکی کرد و گوتی: "خواستی خەڵک و گەل دیار و بەرچاون، زەحمەتییەکی زۆر لە کۆبانی هەیە، ئێستا گرفتی ئاو هەیە کە زوو زوو دەبڕدرێت، رێگەی کۆبانێ وێران و خراپە، خەڵکەکەمان زیاتر گلەییان لە کام بوار هەیە، دەبێ ئێمە لەوەوە دەستپێبکەین. کاری سەرەکیی ئێمە بەمجۆرە دەبێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرتەیەک لە شارەوانیی کۆبانێوە بۆ رووداو نێردراوە و هەریەکە لە یارا عەبدی، مەحموود رەمی، ئەحمەد شێخۆ، موسلیم عەبدولغەنی و نارین بۆزۆ وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی شارەوانیی کۆبانێ دەستبەکار بوون.
 
ئەڵماز رۆمی کێیە؟
 
• ساڵی 1989 لە کۆبانی لەدایکبووە.
• ساڵی 2012 پەیمانگەی وەرزشی لە حەلەب تەواو کردووە.
• لە ساڵی 2014 تاوەکو 2016 وەک هاوسەرۆکی دەستەی وەرزش لە کۆبانی کاری کردووە.
• لە 2016 تاوەکو 2017 جێگری سەرۆکی دەستەی ژنان بووە.
• لە 2017 تا 2019 ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی ستار بووە لە کۆبانی.
• ساڵی 2019 ئەندامی پەیوەندییەکانی پەیەدە (PYD) بووە.
• ساڵی 2024 بووە هاوسەرۆکی دەستەی ژینگە.
• ساڵی 2026 بووە سەرۆکی شارەوانیی کۆبانی.
• دایکی 2 منداڵە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی ئەڵماز رۆمی لەگەڵ دلبخوین دارا
 
رووداو: یەکەمین کار بۆ کۆبانی بیکەیت چی دەبێت؟
 
ئەڵماز رۆمی: ئەگەر مرۆڤ باسی ئازارەکانی کۆبانێ بکات کۆتاییان نایەت، چونکە لە 2014ەوە تاوەکو ئەمڕۆ کۆبانێ بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕیوە، ئەوەی ئێستا ئێمە بۆ کۆبانێ بیکەین لەکاتێکدا ئەو پۆستەمان پێدراوە ئەوەیە لەگەڵ خەڵکی خۆمان بین و چەند کار بکەین بۆ کۆبانی، ئەمڕۆ کە لێدوانیشمان دا و ئێوە دیتتان، ئێمە جارێکی دیکە بەڵێنی ئەوەمان دا کە چۆن هەنگاوی یەکەم بنێین بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین لە کۆبانی، چونکە کۆبانی لە هەموو بوارێکدا پێویستی بە خزمەتە. کەسانی دیکەش هەبوون لە پێش ئێمە لە شارەوانی خزمەتیان کردووە، ئێمە سوپاسی ئەوانیش دەکەین، چونکە بەڕاستی ئەو کارانەی شارەوانیی دەیکردن لە رۆژانی زۆر سەخت و دژواردا بوون، لەکاتی کێشەی ئاو و کارەبا و چەند کێشەی دیکەی خزمەتگوزاریدا، هەردەم لە خزمەت و کاردا بوون. 
 
راستە ئەمڕۆش ئەم ئەرکە بە ئێمە راسپێردرا، ئێمەش جارێکی دیکە ئەو بەڵێنەمان دا کە بتوانین خاوەن بەڵێنی خۆمان بین و پێویستیی سەرەکیی شارەکە چییە ئەم کۆمیتەیەی کە پێکهێنراوە بیکەن. ئێمە پرۆژە و پلانی خۆمان دەبێت و ئەوانەشی هاوکارانمان پێش ئێمە کردوویانە بتوانین تەواویان بکەین، چونکە بەڕاستی گەلی کۆبانی شایستەن و هەرچییان بۆ بکەین کەمە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئێمە بێدەنگ دانەنیشین و کاری جوان و باڵکێش بۆ کۆبانی بکەین و جوانتری بکەین، ژێرخان، بیناسازی، تەندروستی و رێگەوبان.. چونکە گەلەکەمان زۆر گلەییان لە رێگەوبان هەیە.
 
رووداو: ئەڵماز خان! پێشینەی کارەکانت لە کۆبانی چی دەبێت؟
 
ئەڵماز رۆمی: یەکەم کار دەبێ ئێمە گوێ لە گەلەکەمان بگرین و بزانین چییان دەوێت و پێویستیان بە چییە، ناکرێ ئێمە تەنیا وەکو ئەوەی خۆمان و کۆمیتەکەمان دەیەوێ کاربکەین، پێش هەموو شت بۆچوونی گەل پێویستە. خواستی خەڵک و گەل دیار و بەرچاون، زەحمەتییەکی زۆر لە کۆبانی هەیە، ئێستا گرفتی ئاو هەیە کە زوو زوو دەبڕدرێت، رێگەی کۆبانێ وێران و خراپە، خەڵکەکەمان زیاتر گلەییان لە کام بوار هەیە، دەبێ ئێمە لەوەوە دەستپێبکەین. کاری سەرەکیی ئێمە بەمجۆرە دەبێت.
 
رووداو: ئێوە چوونە حەلەب و لەگەڵ پارێزگار کۆبوونەوە، بودجەیەکی باش بۆ کۆبانێ دیاریکراوە؟
 
ئەڵماز رۆمی: بەر لە سێ رۆژ کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری حەلەب هەبوو، ئێمە ئەوەمان گوت کە کۆبانی پێویستی بە بودجەی تایبەت و گەورە هەیە و هەموو ئەو وێرانییە لە شارەکە هەیە خستمانەڕوو. کۆبانی پێویستییەکەی زۆری بە بودجەیەکی زۆر گەورەیە، خۆم و هەڤاڵانم سەرنجی زۆرمان خستە سەر ئەوە. بەڕاستی دەبێ ئەوانیش لای خۆیانەوە ئەو حسابە بکەن کە بوجەی تایبەت بۆ کۆبانی تەرخان بکەن.. ئەوانیش دانیان بەوەدا نا و گوتیان دەزانین ئەوەی لە کۆبانی هەیە وێران بووە و راستە لەدوای وێرانکارییەکان لە ساڵی 2014ەوە ئیدارەی شارەکە ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە، بەڵام ئەوە بەشی نەدەکردن، بۆیە ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە رەوشی کۆبانێ وەکو رەوشی رەققە یان حەلەب و هیچ شوێنێکی دیکە نییە، ئێمە ئەوەمان گوت کە لە کۆبانێ زۆر پێداویستیمان دەوێت و نۆژەنکردنەوەی زۆریش پێویستن و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت. ئەوانیش بەمجۆرە قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان ئەمانە هەموویان پێویستن و دەبێ لەنێوخۆماندا گفتوگۆ لەبارەی کۆبانی بکەین بۆ بودجەی تایبەت و داخوازییەکانی کۆبانێ.  
 
رووداو: تیمێکی ئەوەندە باشت لەگەڵدایە کە بتوانیت ئەوەی دەتەوێ بۆ کۆبانێی بکەیت؟
 
ئەڵماز رۆمی: ئەندامانی تیمەکەی من کە ئێوەش ناوی هەموویانتان خوێندەوە، خاوەن ئەزموونن و هەریەکەیان پێشتر لە دامەرزراوەکان کاریان کردووە، پێشتر مامۆستا ئەحمەد شیخۆ، لە بەڕێوەبەرایەتیی ژووری ئەندازیاران بووە، مامۆستا محەممەد رەمی، پێش 2014 لە شارەوانیی شێران کاری کردووە، مامۆستا موسلیم لە بواری داراییدا زۆر کاری کردووە، ئەو ژنەش بەناوی نارین، وەکو ئەندازیار لە کۆبانێ زۆر کاری کردووە، بۆیە بە دڵنیایی ئەم تیمەی پێکمان هێناوە خاوەن ئەزموونن و ئێمە پێکەوە دەتوانین هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین و نەخشەڕێ بۆ داهاتوو دابنێین، ئەگەر یەکدەست نەبین و نەبینە هاوکاری یەکدی، بە دڵنیایی سەرکەوتوو نابین. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئێمە بوو، پێکەوە گفتوگۆمان کرد و جارێکی دیکە کۆدەبینەوە و بەڕاستیش پێویستمان بە کەسانی ئیدارەی پێش خۆمان دەبێت چونکە ئەوان خاوەن ئەزموونن و ئەوەی ئەوان کردوویانە ئێمە بتوانین تەواوی بکەین و لەسەری بەردەوام بین. لە رێی کەناڵەکەی ئێوەوە جارێکی دیکە زۆر سوپاسیان دەکەم، چونکە بەڕاستی لە رۆژگارێکی دژواردا خزمەتیان کردووە و ئێستاش هاوشانی ئێمە وەستاون بۆ ئەوەی بەردەوامی بەم خزمەتە بدەین.
 
رووداو: لەسەر تابلۆکە ناوی شارەوانی بە کوردی نووسرابوو، ئەو کوردییە دەمێنێتەوە؟
 
ئەڵماز رۆمی: بەڵێ دەمێنێت، بۆ نەمێنێت؟ تاوەکو من سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێم، دەبێ بمێنێت و دەشمێنێتەوە، چونکە تەواوی دانیشتووانی کۆبانی کوردن و وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
 
رووداو: کۆبانێ ئێستا تەنیا ناوێک نییە بۆ کورد، بووەتە ناوێکی جیهانی. من زۆر دڵخۆش بووم، ئەگەر پەیامێکت هەبێت بۆ خەڵکی کۆبانی فەرموون چییە؟
 
ئەڵماز رۆمی: رێزم بۆ تەواوی خەڵکی کۆبانی هەیە، خەڵکێکی ماندوو و زەحمەتکێشن، ئێمە پێکەوە تەواوکەری یەکدین، هەرگیز بەڕێوەبەرایەتیی بەبێ گەل نابێت و گەلیش بەبێ بەڕێوەبەرایەتیی نابێت. ئێمە یەکدی تەواو دەکەین، پێویستمان بە گەلە بۆ ئەوەی بتوانین داخوازییەکانیان بەجێ بهێنین و جارێکی دیکە وەکو جاران گەل بێنە شارەوانیی خۆیان و گلەیی و گازەندەکانیان بکەن، ئێمەش بەگوێرەی توانا کارەکانیان بۆ بکەین. دەرگەی ئێمە کراوەیە بۆ کەسانی بەتوانا و خاوەن ئەزموون ئەگەر بیانەوێ هاوکارمان بن و خزمەت بکەن و سوود لە ئەزموونیان وەربگرین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە