رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئەرخەنیی سەر بە ئامەد، دووەمین پێشانگای کتێب بەڕێوەدەچێت کە دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی تێیدا بەشدارن. نووسەرانی کورد دەڵێن، بەهۆی کەمیی خوێنەرەوە ناتوانن لە رێگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیانەوە بژێویی ژیانیان دابین بکەن.
دووەمین پێشانگای کتێب لە قەزای ئەرخەنی بە هاوکاریی شارەوانیی قەزاکە و یەکێتیی وەشانکارانی کورد (YEWKURD) رێکخراوە. پێشانگاکە لە 7ـی ئایارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 10ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگاکە دا 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارن کە 22ـیان دەزگای کوردین؛ هەروەها نزیکەی 100 نووسەر لەم پێشانگایە دا ئامادەن و کتێبەکانیان بۆ خوێنەران واژۆ دەکەن.
سەبارەت بە فرۆشی کتێبی کوردی و دابینکردنی بژێویی ژیان، مەحمەد سێرت، نووسەری کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەداخەوە ئەوە مەحاڵە. ئێمە ناتوانین بژێویمان دابین بکەین، بەپێچەوانەوە، ئێمە لە گیرفانی خۆمان پارە بۆ چاپکردنی کتێبەکان دەدەین و ناتوانین تەنانەت تێچووەکەشی دەربهێنینەوە."
ئەدیب پۆڵات، کە نووسەرێکی دیکەیە، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "من لە بەرامبەر کتێبەکانمدا مافی نووسەر (تەئلیف) وەردەگرم، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بژێوی پێ دابین بکات. تەنیا کاتێک ئەم دۆخە باش دەبێت کە زمانی کوردی لە پەروەردەدا جێگەی ببێتەوە، گەشە بکات، ببێتە زمانی فەرمی و دەوڵەت دانی پێدا بنێت؛ ئەو کاتە دەتوانێت پێشبکەوێت."
هەروەها دەنیز گوندوز، نووسەر، لەبارەی فرۆشی کتێبەکان گوتی: "مەحاڵە، بڕوا ناکەم بگونجێت. کتێب نافرۆشرێت. ئەوانەی نووسەریی دەکەن، چ بە کورمانجی بێت یان بە زازاکی، تەنیا لە ڕووی فیداکارییەوە ئەم کارە دەکەن."
بەهۆی ئەوەی لە تورکیا زمانی کوردی فەرمی نییە و پێگەیەکی یاسایی نییە، منداڵانی کورد بە زمانی تورکی پەروەردە دەبن، بۆیە ئەو کەسانەی دەتوانن بە کوردی بخوێننەوە و بنووسن زۆر کەمن.
بە گوتەی وەشانکاران، تەنانەت ئەوانەشی دەزانن بە کوردی بخوێننەوە، لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دا لە خوێندنەوە دوور دەکەونەوە. باوەر بەڕشەڤ، خاوەنی دەزگای (Pirtûka Kurdî) بە رووداوی گوت: "کاتێک شەڕ دەست پێدەکات تەنانەت بۆ خۆشم، مرۆڤ ناتوانێت کتێب بخوێنێتەوە. ناتوانێت سەرنجی بخاتە سەر خوێندنەوە. بەتایبەت کاتێک ئەو شەڕە لە کوردستان بێت، هەموو خەیاڵ و بیرکردنەوەمان دەچێتە سەر ئەوە. بۆ نموونە دوو مانگ لەمەوبەر کە شەڕ لە ڕۆژئاوا بوو، هەموان لە خوێندنەوە و لە کڕینی کتێب دوور کەوتبوونەوە."
بڕیارە پێشانگاکە تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایار بەردەوام بێت. لە پەراوێزی پێشانگاکە دا چەندین پانێڵ لەسەر زمان، بەرهەمە ئەدەبییەکان و پرسی وەشانکاری بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ