هەموو چاوەكان لەسەر زانكۆ ئەمریكییەكەی سلێمانین

09-06-2014
ئەلێكساندەر ویتكامب
نیشانەکردن زانکۆی ئەمریکی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

سەرەتای ئەم مانگە ئاهەنگی دەرچوونی 150 خوێندكاری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەمە سێیەم ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی ئەم زانكۆیەیە كە لە ساڵی 2007 دامەزراوە.

لە زۆر رووەوە ئاهەنگەكە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئاهەنگی زانكۆكانی بواری زانستە مرۆییەكانی ئەمریكا نەبوو. كەسوكاری خوێندكارەكان هەر زوو گەیشتنە شوێنی ئاهەنگەكە و كورسییەكانی هۆڵەكەیان پڕ كردەوە. ئینجا خوێندكارە دەرچووەكان بە جلی تایبەتی دەرچوون و كڵاوەكانیانەوە خۆیان كرد بە ژووردا. سەرۆكی زانكۆ، داون دێكلە، لە وتەكەیدا خوێندكارە دەرچووەكانی دڵنیاكردەوە كە "دەرچوون كۆتایی نییە، بەڵكو سەرەتای گەشتە. ئەوە تیكتی ئاڵتوونیی ئێوەیە بۆ ئەوەی پێی بچنە جیهانەوە".

راپرسییەكی خێرا لە نێو بەشداربوواندا پیشانی دەدا كە ئەم دەرچوونە بەهیچ شێوەیەك دەرچوونێكی ئاسایی نییە. ئامادەبوونی دەستەی ئیلیتی سیاسی و بازرگانیی كوردستان زۆر بەرچاو بوو، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێرەوە خۆی گەیاندبووە سلێمانی بۆ ئامادەبوونی لە ئاهەنگەكەدا. لە كاتێكدا كە دەرچووان داهاتووی هەرێمی كوردستانن، ئامادەبووان واقیعی سیاسی ئاڵۆزی ئێستا و رابردووی كوردستانیان پیشان دا.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 2007 كاتێك براوەی خەڵاتی پۆلیتزەر، تۆماس فریدمان لە نیویۆرك تایمزدا نووسی "وا بە خەیاڵی خۆتدا بهێنە كە لە ئەنجامی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق، زانكۆی ئەمریكی لە عێراق دادەمەزرێ، بە خەیاڵی خۆتدا بێنە كە ئێمە بووین بە هۆكاری لافاوی وەبەرهێنان لە عێراق و لە ئەنجامدا هۆتێلی نوێ و سەنتەری كۆنفرانس و بینایەی ئۆفیس و ئینتەرنێت كافێ و دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی و مۆڵ ...تاد دروست دەبن. بە خەیاڵی خۆتدا بێنە كە ئێمە رێگەمان بۆ تەقینەوەی میدیا و رۆژنامەگەری خۆش كردووە و تەنانەت رێكخراوی هیومان رایتس وۆچیش بارەگایەكی لەوێ دەكاتەوە، خوێندنگەی نوێ دەكرێنەوە. وا بە خەیاڵی خۆتدا بێنە كە لە ئەنجامدا دوورگەیەكی رێكوپێكمان دروست كردووە كە تێیدا پاركی گشتی هەیە، ئافرەت بەبێ پەچە هاتوچۆی تێدا دەكەن و یەك سەربازی ئەمریكیش هەرگیز تێیدا ناكوژرێت، شوێنێك كە ئەمریكیەكان رێزیان لێ دەگیرێت، شوێنێك كە ئیسلام تێیدا بە شێوەیەكی زۆر لێبووردە و نەرمونیانی پێڕەو دەكرێت. واز لە خەیاڵكردن بێنە، شوێنێكی لەو شێوەیە هەیە كە پێیدەگوترێ كوردستان و هەرێمی نزیكەی چوار ملیۆن كوردە".
نزیكەی حەوت ساڵ دواتر، ئەو رۆژنامەنووسە بەناوبانگە جارێكی دیكە گەڕایەوە كوردستان بۆ ئەوەی تەماشای ئەو زانكۆیە بكات كە دەربارەی نووسیبوو.

دوای حەوت ساڵ جارێكی دیكە فریدمان وتارێكی دیكەی لە نیویۆرك تایمز بڵاوكردەوە كە دیسان كوردستانی بە "دوورگەیەك لە رێكوپێكی" ناوبرد. بەلای تۆماسەوە، زانكۆكەی كوردستان تەنیا چیرۆكێكی سەركەوتن نییە لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەو شوێنەی كە بڕیاربوو دوو زانكۆی دیكەی تێدا بكرێتەوە، بەڵام سەری نەگرت بەهۆی كێشەی ئەمنییەوە، ئەو زانكۆیە چیرۆكی پێشكەوتنە لە ناوچەیەكدا كە بەردەوامی لە لێكترازاندایە.

د.بەرهەم ساڵح لە 2006 كە زانكۆكەی دامەزراند، هاوكات خەریكی پڕۆگرامیInternational Compact   بوو. ئەو پڕۆگرامە هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان رازی بكرێت تا لە رووی داراییەوە پشتگیری وڵاتەكە بكات و لەبەرامبەردا ریفۆرمی ئابووری و وەبەرهێنان و سیاسی بكرێت.

لەیەكەم كۆبوونەوەی International Compact دا كە لە دوبەی بەڕێوەچوو، بەرهەم ساڵح جەختی لەوە كردەوە كە "پێویستە عێراق پەیامێكی بەهێز بۆ جیهان بنێرێت دەربارەی وەبەرهێنان لە نەوتدا. ئێمە پێویستە كار لەسەر لیبراڵبوون بكەین و بازاڕەكانمان بكەینەوە".

ئەو بە ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ گرێبەستی هاوبەشیكردنی بەرهەم دەبڕی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێ. هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەریی نێودەوڵەتی پێشاندا بۆ ئەوەی گرێبەستەكان جێبەجێ بكرێن. رێكخەری كاتیی ئابووری، تیم كارنەی ئەوكات گوتبووی "هەموو كەس دەزانێت ئەم (بەرهەمە) دۆستی ئەمریكایە".

ئێستا روونە كە ئەمریكییەكان دەستێكی باڵایان هەبووە لە دامەزراندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی. بەرهەم ساڵح یەكسەر جۆن ئەگرێستۆی هێنا تاوەكو وەك (سەرۆك)ی زانكۆ دەستبەكار بێت. ئەگرێستۆ یەكێك بوو لە راوێژكارانی خوێندنی باڵا لە حكومەتە كاتیەكەی پۆل بریمەر و هاوڕێیەكی دێرینی دۆناڵد رامسفێلدە.

زانكۆكە پابەندە بە بڵاوكردنەوەی دیموكراسی و چەسپاندنی بنەماكانی بازاڕی ئازاد، هەمان ئەو ئامانجانەی كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا هی International Compact  بوون. لەبەرئەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە كە سیاسەتمەدارانی ئەمریكی، كاربەدەستانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و هەروەها سەرۆكی یەكێك لە گەورەترین خانە بازرگانییەكانی عێراق لەوێ ئامادەبوون تا چەپڵە بۆ دەرچووانی بەكالۆریۆس و ماستەر لە بازرگانی لێبدەن.

دوای چەندین سكانداڵ لە سەردەمی پڕ كێشەی ئەگرێستۆ، ئێستا زانكۆكە خەریكە شوێنپێی خۆی قایم دەكات. زانكۆكە نازناوی بەرهەمهێنانی باشترین خوێندكاری هەیە لە سەرتاسەری عێراقدا. بەڵێنی ئەوە دەدات كە وەكو یەكێك لە باشترین زانكۆكانی ناوچەكە بمێنێتەوە. بە تەماشاكردنێكی بینایە نوێیە لوكسەكەی زانكۆكە، قسەكانی 2007ی فریدمان راست دەردەكەون "هێرشی ئەمریكا مامانی بۆ شتێكی زۆر سەرنجڕاكێش كرد لە كوردستان، ئێمە دەرگامان كردەوە، دواتر كورد خۆی شتەكانی دیكەی كرد".

بەهەرحاڵ، بوونی بەرهەم ساڵح كە كەسێكی لێهاتووە بۆئەوەی ئەو كەشتییە ئاراستە بكات دەستپێكێكی باشە. لە كاتی وەسفكردنی بەرهەم ساڵحدا، دێكلە بە "رێنوێن"ی خۆی وەسفی كرد و بە تیۆدۆر رۆزڤێڵتی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكای چواند. بەڵام دێكلە تەنیا كەس نەبوو كە تێبینی ئەو لێكچوونەی بەرهەم ساڵح و رۆزڤێڵت بكات، بە تایبەتی لە كاتێكدا كە پارتە كوردییەكان بەدوای بەربژێرێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی شوێنی جەلال تاڵەبانی بگرێتەوە لە بەغدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە