09-06-2022
13:45
بەرپرسی ژووری یاسایی گۆڕان: پێویستە واز لە نەریتی دواخستنی هەڵبژاردن بهێنین
چۆمان محەممەد، بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان
بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پێویستە واز لە نەریتی دواخستنی هەڵبژاردن بهێنرێت، هیچ هەڵبژاردنێک لە هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.
چۆمان محەممەد، بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردن رایگەیاند، جگە لە پارتی "کۆی لایەنە سیاسییەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە پێمانوایە ئەم یاسایەی [بۆ هەڵبژاردن] کە لە 1992ـەوە دەرچووە بە کەڵکی ئەوە نایەت جارێکی دیکە هەڵبژاردنی کوردستانی پێ بەڕێوەبچێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چۆمان محەممەد رایگەیاند، تۆمار و ژمارەی دەنگدەران یەکێکی دیکەیە لە لەمپەرەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازییان زۆرە.
13:32
بەرپرسێکی کۆمەڵ: داوای کەمکردنەوەی کورسیی کۆتامان نەکردووە
بەرپرسێکی کۆمەڵ: داوای کەمکردنەوەی کورسیی کۆتامان نەکردووە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تۆماری دەنگدەرانە، ئەوانیش وەکو کۆمەڵ پێیان باشە تۆماری دەنگدەران پێش وادەی هەڵبژاردن بە میکانیزمێکی خێرا پاکبکرێتەوە.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، ئەوان داوای کەمکردنەوەی کورسیی کۆتایان نەکردووە، بەڵام وایان پێباشە کورسیی کۆتاکان بەسەر بازنەی پارێزگاکاندا دابەشبکرێن.
هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆوە دەڵێت، پێویستە لە کۆبوونەوەکەدا رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکرێت.
شوان رابەر دەشڵێت، لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی عێراق ساختەکاری کراوە بۆیە کۆمەڵی دادگەری تەنیا یەک کورسیی بەدەستهێناوە
13:13
بەرپرسێکی گۆڕان: هیوادارین کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لایەنەکان لێک نزیک بکاتەوە
بەرپرسێکی گۆڕان: هیوادارین کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لایەنەکان لێک نزیک بکاتەوە
ئەندامێکی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە دواجار یەکێتی و گۆڕان بگەنە ئەو خاڵەی کە ئەو کۆمیسیۆنەی ئێستا وەکو خۆی کارا بکرێتەوە.
شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "هیوادارین کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لێکنزیککردنەوەی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بهێنێتە ئاراوە."
11:40
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی: چاوەڕێدەکرێ لایەنەکان بگەنە خاڵێکی هاوبەش
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی: چاوەڕێدەکرێ لایەنەکان بگەنە خاڵێکی هاوبەش
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گرنگە و چاوەڕێدەکرێ لایەنەکان بگەنە خاڵی هاوبەش و زەمینەیەکی لەبار بۆ رێککەوتن بێتەئاراوە.
لەبارەی هەڵبژاردنەوە هۆشیار سیوەیلی گوتی، ئەگەر بابەتی یەکبازنەیی و فرەبازنەیی ببێتە بەربەستی سەرەکیی ئەنجامدانی هەڵبژادن، پارتی ئامادەیە نەرمی بنوێنێ و بە چوار بازنەیی رازی دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی راگەیاند کە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنە و لەم چوارچێوەیەدا چوار تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت لەوانە، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە تایبەتی بابەتی یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، تۆماری دەنگدەران و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
سەلاحەدین بابەکر گوتیشی، تۆماری دەنگدەران یەکێکە لەو خاڵانەی گفتوگۆی چڕی لەسەر دەکرێت و ئەوان وەک یەکگرتوو داوادەکەن، تۆماری دەنگدەران بەتەواوی پاکبکرێتەوە، یان لیستی دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکانی عێراق بەکاربهێندرێت، کە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی عێراقی پێ بەڕێوەچوو، هەروەها دەنگدانی تایبەت و گشتی بەیەکەوە و لە یەک رۆژدا بەڕێوەبچێت.
11:25
کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی
کۆبوونەوەی لایەنەکان لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. هەڵبژاردنی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە.
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر، سەرۆكی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان و محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن.
بڕیارە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا گفتوگۆ لەبارەی چوار تەوەر بکرێت، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، رێککەوتن لەبارەی سیستەمی یەکبازنەیی و فرەبازنەیی، قسەکردن لەبارەی تۆماری دەنگدەران و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن.
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پێشتر تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی هەڵبژاردن و ئامادەکاریی بۆ لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی گونجاودا دەرچەیەکی یاسایی بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە دڵنیاییەوە پارتی ئامادەیە بۆ چارەسەری هەر گرفتێک کە بەربەستە لە بەردەم هەڵبژاردندا".
پارتی پێشنیازی بۆ لایەنەکان کردووە لەم خولەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، یەکێتی بەم پێشنیازە رازی نییە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، لیستی دەنگدەری هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان دوو جۆرە، دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێ، سەبارەت بە کورسیی کۆتاکانیش دەڵێت، ناکرێ حیزب بە کەمترین دەنگ کورسییەک بەدەستبهێنێت بە ناوی کۆتا.
عەلی حوسێن دەڵێت، پارتی پێشنیازی بۆ لایەنەکان و بەتایبەت بۆ یەکێتی کردووە، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، بە نووسراوێکیش رێککەوتن لەنێوان هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، تاوەکو لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام هێشتا لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، یاسای هەڵبژاردن، کورسی پێکهاتەکان ناکۆکن.