رووداو - هەولێر
لە شارەدێی کەلەکچی قەزای شێخان لە شاری دهۆك، گورگێک پەلاماری جووتیارێک دەدات و برینداری دەکات، دواتر جووتیارەکە گورگەكە بە بێڵ دەکوژرێت.
جەلال شەریف حەسەن، جووتیارێکی دەوروبەری شارەدێی کەڵەکچییە و سەبارەت بەوەی چۆن گورگەکە پەلاماری داوە و برینداری کردووە، بۆ رووداو گوتی " رۆژی 4 -7-2016، کاژێر 04:00 ی بەرەبەیانی بوو لە ماڵ دەرچووم، بۆ ئەوەی بچم باخەکەم ئاو بدەم، دوای ئەوەی چوومە نێو باخ، لەناکاو گورگێک لەدواوە پەلاماری دام و دەستی چەپی بریندارکردم".
ئەو جووتیارەی كەلەچی كە ناوچەكەی نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچكەی شێخانەوە دوورە، زیاتر لەبارەی رووداوەکە قسەیکرد و گوتی "کاتێک گورگەکە پەلاماری دام و برینداری کردم، منیش بێڵێکم لەتەنیشت بوو، جارێک لێمدا، بەڵام نەکەوت، داوتر ویستی رووبەڕووم ببێتەوە و جارێکی دیکە پەلامارم بدات، بەڵام بێڵێکی دیکەم لە سەری داو کوشتم".
ئەو جووتیارە باسی لەوەشکرد "لە ناوچەکەماندا ژمارەیەكی زۆری گورگ هەن و رۆژانە مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانمان دروست دەکەن، جاری وا هەیە ئەو گورگانە دێنە نێو ماڵەکانمان و ئازاری هاووڵاتیان دەدەن".
سەبارەت بە ژمارەی زۆری گورگەکان جەلال شەریف گوتی "لە ناوچەی ئێمە سێ جۆری گورگ هەن، هەرسێ جۆریشان لە رەنگ و شێوەشدا جیاوازن، هەندێک لە گورگەکان لە شاخەکان دەژین و بە گورگی شاخی ناسراون، هەندێکیان لە نزیک چەمەکان دەژین، هەندێکی دیکەش لە دەشتاییەکان دەژین و گورگی دەشتیان پێدەگوترێت، ئەوان زۆر مەترسیدارن، داوادەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونێک بۆ ئەو گورگانە بکات و چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ