لە سلێمانی کەسێک 30 هەزار دۆلاری ژمارەیەک هاونیشتمانی دەبات؛ هێشتا سکاڵا تۆمار نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژى یەکشەممە، چەند هاونیشتمانییەک لە باخى گشتیى سلێمانى سکاڵایان هێنایە بەردەم مایکى کەناڵەکانى راگەیاندن، گوتیان گوایە کەسێک قۆڵى بڕیون و بەناوى قەرزەوە مامەڵەى لەگەڵ کردوون، بەڵام دەستى دەستییان پێدەکات و پارەکەیان ناداتەوە.
هەڵۆ شامار، فرۆشیارێکە و گوتی، "ئەو کەسە پەیوەندى پێوەکردم، گوتى خێزانم لە خەجێ خان کولێرە دەکات و 03:00ى شەو دێتەوە، سەیارەکەم بدەرێ و پارەیەکی کەمی وەک پێشەکی داپێم، چووین سەیارەکەى بدەمێ و دوو وەرەقە پێشەکى بدات، لەوکاتەدا تەلەفۆنى بۆ هات و گوتى نەخۆشمان هەیە ئێستا دێمەوە، ئیتر نەهاتەوە."
زۆرینەى ئەو پێداویستییانەى مامەڵەى پێوەکراوە، یان کۆن و بەکارهاتوو یان ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتا و تۆمارنەکرابوون، کارەکانیش لە رێگەى فەیسبووک و بە بێ شایەت و نووسراوێکى فەرمى کراون.
سیروان قادر، فرۆشیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "هات بۆ چەمچەماڵ گوتى مناڵێکى نەخۆشم هەیە، دەبێت بەڕێى نەخۆشخانەوە بم با تەکلیف لەکەس نەکەم. ئۆتۆمبێلەکەمم پێدا بایى 20 وەرەقە بوو چوار وەرەقەی دا و ئیتر ئەوى دیکەی نەهێنایەوە."
تائێستا سکاڵا لاى پۆلیس نەکراوە، بەوپێیەى وەک دەڵێن، ئەگەر کەسەکە بگیرێت وەرگرتنەوەى پارەکەیان ئەوەندەى دیکە دوادەکەوێت.
نەوشیروان جەعفەر، فرۆشیارێکە و گوتی، "تەلەفزیۆنێکم پێفرۆشت پێش جەژنن گوتى منداڵەکەم نەخۆشە و بەبێ تەلەفزیۆن ئیدارە ناکات، بایی 120 هەزار بوو، هەر بە بەیانى و دوو بەیانی بوو بە مانگێک و پارەکەى نەهێنا."
بەگوتەى ئەو چەند کەسە، کۆى ئەو پارانەى بەناوى قەرز و کڕین، لەو مامەڵانەدایە نزیکە لە 30 هەزار دۆلارە [3 دەفتەر دۆلار.]