کوردستان
مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک. وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کوشتنی مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک بە "تیرۆر" ناودەبات و سەرکۆنەی تووندی رووداوەکە دەکات.
حیزبی شیوعیی کوردستان لە لێدوانەکەدا هاوخەمیی خۆیان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان رادەگەیێنن و دەڵێن، "رێگەی نكوڵیكردن و تیرۆركردن و تووندوتیژی ناتوانێت پاشەكشە بە پرسی كورد و چارەسەری قەیرانەكان بكات."
رۆژی شەممە 7ی ئابی 2021 لە هۆتێل (گوڵی سلێمانی) لە شاری هەولێر موسا باباخانی دەکوژرێت کە لە کۆنگرەی 17ـی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکە هەڵبژێردراوە.
لەبارەی ناسنامەیەوە، حدک ئاشکرای کردووە کە ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکە خەڵکی کرماشان بووە، لە ساڵی 1981 لەدایکبووە، لە ساڵی 1999ـەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی حیزبەکەوە کردووە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک لە راگەیێندراوێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیێنێت، مووسا باباخانی لەلایەن دوو کەسی "سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە رفێندراوە"، بەیانیی شەممەش، تەرمەکەی لە هۆتێلێکدا لە هەولێر دۆزراوەتەوە. تاوەکو ئێستاش ئێران هیچی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ